ئەمریكا رۆڵی باڵای ھەبووە لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا

"ئەمریکا بەنوێنەرایەتی مەکگۆرک سەرپەرشتی رێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا لەبارەی کێشەی نەوتەوە كردووە"

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/1b489129-dc21-4c17-b0a3-e5bf6f84f2ea/Mcgurk%20Erbil%20Baxda.ism/manifest

K24 - ھەولێر

برێت مەکگۆرک نوێنەری باراک ئۆباما ویلایەتە سەرۆكی یەكگرتووەكانی ئەمریکا رۆڵێکی باڵای هەبووە لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەمەش بەمەبەستی دروسکردنی هەماهەنگی سەربازی نێوان هەرێمی کورستان و حکوومەتی عێراقی پێش دەسپێکردنی شەڕی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ.

ھەوڵە دیپلۆماسییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەتایبەتی برێت مەرکگۆڕکی نوێنەری باراک ئۆباما لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش، وایکرد کە پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ، ھەولێر و بەغدا لێکنزیکبنەوە و ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بدەن.

لە راپۆرتێکدا ئاژانسی دەنگوباسی رۆیتەرز، لەبارەی ھەوڵەکانی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی بۆ نەھێشتنی ناکۆکییەکانیان، ئەوەی ئاشکرا کردووە کە ئەمریکا بەنوێنەرایەتی مەکگۆرک سەرپەرشتی رێککەوتنی مانگی ئابی رابردووی نێوان ھەولێر و بەغدا  لەبارەی کێشەی نەوتەوە، کردووە و واشنتن لەوبڕاوایەدایە کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندی هەولێر و بەغدا، فاکتەرێکی گرنگە لە دروستکردنی ھەماھەنگی سەربازی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی شەڕی مووسڵەوە.

رۆیتەرز ئەوەشی ئاشکرا کردووە ھەوڵەکانی مەکگۆرک لەمانگی نیسانی رابردووەوە دەستی پێکرد و بەکۆبوونەوەی نێوان مەسعوود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و فالح فەیازی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەی عێراق لەمانگی حوزەیرانی رابردوو لە ھەولێر کۆتایی ھات.

دواتر رۆیتەرز بڵاویکردووە کە لەو کۆبوونەوەیەدا بارزانی بە مەکگۆرکی راگەیاندووە ئێمە بەشداری شەڕی مووسڵ ناکەین ئەگەر بوودجە و مووجەی کوردستان نەگەڕێتەوە.

ھەروەھا رۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە بەھۆی راگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی کەرکووکەوە لەمانگی ئازاری رابردووەوە لەلایەن بەغداوە ، بڕی  ملیارێک دۆلار زەرەریان کردووە.

پاشان ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێ، رێککەوتنەکەی مانگی ئابی نێوان ھەولێر و بەغدا بەسەرپەرشتی ئەمریکا، ئەوەندەی نەمابوو کێشەی ناوخۆی لەھەرێمی کوردستان تێبکەوێت، بەھۆی ئەوەی بەرپرسانی سلێمانی داوایان لە بەغدا کردبوو  نەوتی کەرکووک، ھەناردەی ئێران بکرێت، بەڵام ئەو پێشنازە، لەلایەن ھەر یەک لە حکومەتی عێراقی، تورکیا، ئەمریکاو  ھەرێمی کوردستانەوە رەتکرابوویەوە.

ھەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەردەوام بوو تا گەیشتە ئەوەی ھەفتەی رابردوو بارزانی لەدوای زیاتر لە سێ ساڵ، بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵا سەردانی بەغدای کرد و لەوێ لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراقی کۆبوویەوە و سەعد حەیدیسی، گوتەبێژی عەبادیش رایگەیاندووە کە ئەمریکا رۆڵێکی باڵای ھەبووە لەنزیککردنەوەی کوردستان و عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکان پێش دەستپێکردنی شەڕی مووسڵ.