عه‌لی باپیر داوایه‌ك ئاراسته‌ی لایه‌نگرانی یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ ده‌كات
"هه‌ركه‌س‌و لایه‌نێك قسه‌و تۆمه‌تێكی بێ بنه‌مای ئاڕاسته بكرێ، هیچ زیانی لـێ نادات‌و، به‌سه‌ر خاوه‌نه‌كه‌یدا ده‌شكێته‌وه"
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان، له باره‌ی مشتومڕی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵی ئیسلامی، له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌تایبه‌ت له دوای سه‌ردانی شاندی باڵای هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا هاتووه‌ته ئارایه‌وه، په‌یامێكی چوار خاڵی بڵاوده‌كاته‌وه.
عه‌لی باپیر، ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان، په‌یامێك ئاراسته‌ی لایه‌نگرانی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌كات و تێیدا هاتووه: "هیواداریشم گه‌نج‌و لاوه‌كانمان وریا‌و بێداربن‌و ده‌مه‌قاڵێ‌و شه‌ڕه‌قسه‌ی نێوانیان نه‌بێته هۆكاری په‌لكێشكردنی ده‌ستی ناحه‌زان‌و، لادانی چاوی به‌شێك له‌خه‌ڵك‌و جه‌ماوه‌ر له‌سه‌ر واقیعی نه‌خوازراوی هه‌رێم‌و كێشه‌و قه‌یرانه‌كانی، كه پێویستییان به‌چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی هه‌یه".
له به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌دا هاتووه: "هیچ گومانیشی تێدانیه كه هه‌ركه‌س‌و لایه‌نێك قسه‌و تۆمه‌تێكی بێ بنه‌مای ئاڕاسته بكرێ، هیچ زیانی لـێ نادات‌و، به‌سه‌ر خاوه‌نه‌كه‌یدا ده‌شكێته‌وه".
ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه:
په‌یامێكی دڵسۆزانه بۆ ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی‌و یه‌كگرتووی ئیسلامیی
براو خوشكانی به‌ڕێز!
یه‌ك:
باهیچ كه‌س به‌بیانووی به‌رگریی كردن له یه‌كگرتووی ئیسلامیی‌و مامۆستا صه‌لاحه‌ددین‌و، كۆمه‌ڵی ئیسلامیی‌و به‌نده، قسه به‌وی دیكه‌مان نه‌ڵێ، چونكه ئێمه برایه‌تییمان سه‌قامگیره‌و هه‌وڵی پته‌وكردنیشی ده‌ده‌ین، بۆیه قسه‌گوتن به‌هه‌رلایه‌كمان، قسه‌گوتنه به‌وی دیكه‌ش!
دوو:
به‌نده‌و مامۆستا صه‌لاحه‌ددین له‌چوون‌و نه‌چوونی سه‌فه‌ری به‌غدادا، به‌پێ‌ی فه‌رمووده‌ی: (لا یؤمن أحدكم حتی یحب لأخیه ما یحب لنفسه) متفق علیه، ڕه‌فتارمان كردوه، مامۆستا صه‌لاحه‌ددین وه‌ك چۆن چوونی بۆخۆی پێ باش بوو و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی تێدا ده‌دی، بۆمنیشی پێ چاك بوو، بۆیه داوای لێكردم بچم، "هه‌روه‌ها كاك كۆسره‌تیش داوای لێكردم‌و، خه‌ڵكێكی دیكه‌ش ڕاسپێررابوو داوام لـێ بكات" منیش نه‌چوونه‌كه‌م پێ باش بوو، هه‌ربۆیه‌ش داوام له‌ویش كرد نه‌چێ!
سـێ:
هیچ گومانیشی تێدانیه كه هه‌ركه‌س‌و لایه‌نێك قسه‌و تۆمه‌تێكی بێ بنه‌مای ئاڕاسته بكرێ، هیچ زیانی لـێ نادات‌و، به‌سه‌ر خاوه‌نه‌كه‌یدا ده‌شكێته‌وه، وه‌ك له‌ڕابردوودا زۆر جار ڕوویداوه.
چــوار:
هیواداریشم گه‌نج‌و لاوه‌كانمان وریا‌و بێداربن‌و ده‌مه‌قاڵێ‌و شه‌ڕه‌قسه‌ی نێوانیان نه‌بێته هۆكاری په‌لكێشكردنی ده‌ستی ناحه‌زان‌و، لادانی چاوی به‌شێك له‌خه‌ڵك‌و جه‌ماوه‌ر له‌سه‌ر واقیعی نه‌خوازراوی هه‌رێم‌و كێشه‌و قه‌یرانه‌كانی، كه پێویستییان به‌چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی هه‌یه.
عـــه‌لـــی بــــاپـــیـر
4 موحه‌ڕه‌می 1438 كۆچی
5/10/2016 زاینیی
هــه‌ولـــێــر