ئێران 35 بهرپرسی باڵا له پۆستهكانییان دووردهخاتهوه
مشتومڕی ئەندامانی پەرلەمانی لێكەوتووهتەوە
K24 - ههولێر:
كۆماری ئیسلامی ئێران بەشداریكردنی بەرپرسانی خاوەن دوو رەگەزنامە لە پۆستە باڵاكانی حكوومەتدا, بە ھۆكاری ئەمنیی قەدەخە دەكات و وەزیری ئیتلاعاتی ئێرانیش رایدەگەیەنێت، 35 بەرپرسی باڵای ئێران كە ھەڵگری دوو رەگەزنامەن، لە پۆستەكانیيان دوورخراونەتەوە.
ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئێران خاوەن دوو رەگەزنامەن و وەزارەتی ئیتلاعاتیش بەشداری ئەو كەسانە لە پۆستە باڵاكانی ئێران قەدەخە دەكات, پرسێك كە بووەتە جێگەی باسی راگەیاندنەكانی ئێران و لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەشدا مشتومڕی ئەندامانی پەرلەمانی لێكەوتۆتەوە.
مەحمود عەلەوی وەزیری ئیتلاعاتی ئێران لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمان رایگەیاند، تا ئێستا 79 بەرپرس لە پۆستە باڵاكاندا لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كراوەو 35 كەسیان ھەڵگری دوو رەگەزنامەن و لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە شیاوبوونیان بۆ وەرگرتنی پۆستی باڵای حكوومەت رەتكراوەتەوە.
بەرپرسانی ئەمنیی ئێران دەڵێن، ھەڵگرانی دوو رەگەزنامە مەترسین بۆ سەر ئاسایشی ئێران و بەجۆرێك پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتانی دوژمنی ئێران ھەیە، ئەو پرسەی كە ئێران بە پرۆژەی نفوز یان دزەكردن ناویدەبات.
كۆماری ئیسلامی ئێران ھەڵگرانی دوو رەگەزنامە بە فەرمی ناناسێت و لە چەند ساڵی رابردووشدا ژمارەیەك رۆژنامەنووس و ھاووڵاتی خاوەن دوو رەگەزنامە لە ئێران، لە لایەن ھێزە ئەمنییەكانی ئەو وڵاتەوە بە تۆمەتی ئەمنییەتی و سیوخوڕیكردن دەستگیر كراون.
لەوانەش ئەندامێكی باڵای شاندی دانوستانكاری ئێرانیش كە ھەڵگری دوو رەگەزنامە بوو بە تۆمەتی بەشداری لە پرۆژەی نفوز، واتە خیانەتكردن دەستبەسەركرا.
لە ماوەی رابردووشدا كۆماری ئیسلامی ئێران بەوە تۆمەتبار كراوە كە دەستگیركردنی كەسانی ھەڵگری دوو رەگەزنامە لە خاكی وڵاتەكەی، بە مەبەستی وەرگرتنی ئیمتیازی سیاسی بەكاردەھێنێت و ئەو كەسانە وەكوو بارمتە لە بەرانبەر بەرژەوەندییەكانیدا دەگۆڕێتەوە، پرسێكی گرنگ كە ئێران رەتیدەكاتەوە و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش پەنجەی ئاماژەیان لەوبارەوە ھەر بەرەو ئێرانە و ئێستا بەرپرسانی باڵای ئێرانیشی خستۆتە ژێر زوومی چاودێری وەزارەتی ئیتلاعاتەوە.