رهخنه له چۆنیهتی نووسینهوهی بیرهوهرییهكانی كهریم حیسامی دهگیرێت
دواى 15 ساڵی له كۆچی دوایی نووسهر و سیاسهتمهتدارێكی كورد
K24 - ههولێر:
نووسەرو سیاستەمەداری رۆژهەڵاتی کوردستان، کەریم حیسامی لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە رێکەوتی 6ی تشرینی یەکەمی 2001 لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد.
دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد وەک خاڵی وەرچەرخانێک لە خەباتی نەتەوەی کورد بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی، دوای کۆتاییهاتنی تەمەنی کەمی و پاش لەسێدارەدانی پێشەواکەی، وەک بنەمای پەروەردەی کەسایەتییەکانی خەباتی کورد سەیری کراوە. ئەمڕۆ یادی یەکێک لەو کەسایتەییانە دەکرێتەوە کە سەرەتای ژیانی سیاسی و ئەدەبیی و رۆژنامەوانیی لە کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردەوە دەست پێکردووە.
کەریم حیسامی ساڵی 1926 لە گوندی بەیرەرمی سەر بە شاری مەهاباد لە دایک بووە، لەتەمەنی 23 ساڵی بووەتە ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستان و سالی 1953 بەشداری فێستیڤاڵی لاوانی بوخارێستی کردووە. 1954 بۆ ماوەی سێ ساڵ زیدانیکراوە و کاتی زیندانی بوونی باوک و هاوسەری یەکەمی کۆچی دواییان کردووە.
ساڵی 1959 روودەکاتە باشووری کوردستان و دوای ساڵێک خۆی دەگەیەنێتە ئەوروپا و ماوەی چەند ساڵ لە بولگاریا دەبێتە بێژەری بەشی کوردیی رادیۆ پەیکی ئێران، رادیۆی زمانحاڵی حزبی تودەی ئێران.
کەریم حیسامی، لە کۆنگرەی سێهەمی حزبی دیموکراتدا بە ئەندامی دەفتەری سیاسیی ئەو حزبە هەڵبژێردراوە. ساڵی 1979 لەگەڵ تێکچوونی رژێمی پاشایەتیدا دەگەڕێتەوە رۆژهەڵاتی کوردستان وەک خۆی دەڵێت ساڵی 1984 کاتی سەردانی خێزانەکەی لە بولگاریا هەواڵی دەرکردن لە حزبی دیموکراتی پێ راگەیەندراوە و سەرئەنجام لە رێکەوتی 6ی 10ی 2001 لە سوید کۆچی دوایی کرد.
کەریم حیسامی، چەندین کتێب و بابەتی ئەدەبی و سیاسیی لە دوای خۆی جێ هێشتووە، کاروانێک لە شەهیدانی کوردستان، وەرگێرانی کتێبی دایک لە نووسینی نووسەری رووسی ماکسیم گورکی، رۆژەکانی ئێران، یادی هێمن و کورد لە گەمەی دەوڵەتانی زلهێزدا, بەشێکن لە بەرهەمەکانی کەریم حیسامی, بەڵام بیرەوەرییەکانی حیسامی کە لە دە بەرگدا بڵاوکراونەتەوە زیاتر بووەتە هۆی وروژاندنی سیاسیکارانی کوردستان و بەشێکیان پێیانوایە نەدەبوایە نووسەر لەم بیرەوەریاندا پەردە لە سەر زۆر وردەکارییەکان لابدات و بەم وردییەوە هەموو لایەنە نەرێنییەکانی ژیانی خەباتکارێکی کورد بۆ نەوەکانی دواتر تۆمار بکات.