جۆزیف بایدن پهیوهندییهكی تهلهفۆنی لهگهڵ بارزانی ئهنجامدا
لهماوهی 40 رۆژدا سێیهمجاره پهیوهندی به بارزانی-یهوه دهكات
K24 - ههولێر:
لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی ئەمەریكا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ تاوتوێ كرد.
ڕۆژی چوارشەممە 5ـی 10ـی 2016 بەڕێز جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئەمەریكا لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جێگری سەرۆكی ئەمەریكا پێزانینی بۆ گەلی كوردستان و پێشمەرگە و سەرۆك بارزانی هەبوو و پشتیوانیی خۆیشی بۆ سیاسەت و ستراتیژی سەرۆك بارزانی و شێوازی سەركردایەتیكردنی ڕاگەیاند و ئەوەی خستەڕوو كە ئەو سەركەوتنانەی لەشەڕی تیرۆر بەدەست هاتووە دەرئەنجامی كاری هاوبەشی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی و هاوپەیمانان بووە و پێكەوە كاری هاوبەشی جدییش بۆ كۆتایهێنان بە داعش ئەنجام دەدەن. هەروەها پاڵپشتیی وڵاتەكەیشی بۆ ڕێككەوتن و پلانی سەربازیی ئازادكردنی موسڵ دووپات كردەوە.
جێگری سەرۆكی ئەمەریكا پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد لەوەی كە سەردانی چەند ڕۆژ پێشی بۆ بەغدا سەركەوتوو بووە و ئەنجامی باشی لێ كەوتووەتەوە و جەختی لەوە كردەوە كە ئەمەریكا پاڵپشتی ڕاستگۆیی و سیاسەتی پڕمتمانەی سەرۆك بارزانییە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەت و سوپای ئەمەریكای كرد كە لەشەڕی تیرۆردا پێشمەرگە بوونە و ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە هەرێمی كوردستان شەڕی تیرۆر بە ئەركێكی ئەخلاقی و مرۆڤی و بە ئەولەویەتی خۆی دەزانێت.
هەر لەم پەیوەندییەدا باس لە چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەی ئاوارەكان كرا و جێگری سەرۆكی ئەمەریكا وردەكاریی پلانی وڵاتەكەی بۆ گرفتیئاوارەكان و هاوكاریی دارایی بۆ ئایندەی موسڵ خستەڕوو.