رێككه‌وتنی سیاسی یه‌كێتی و گۆڕان نه‌یتوانی كێشه‌ی یاسایی پارێزگار چاره‌سه‌ر بكات

"سلێمانی بێ پارێزگاره‌"

K24 - سلێمانی:

ڕیکكەوتنە سیاسیيەکەی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گٶڕان, نەیتوانی بەرگی یاسایی بە باڵای پۆستی پاریزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی بکات, بەم هۆیەوەش تاکو ئێستا سلێمانی بێ پارێزگارە و وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان ئاسۆ فه‌ره‌یدوون به‌ پارێزگار ده‌زانێت.

رێکكەوتنە دوو قۆڵيیەکەی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە 17ی مارسی رابردوو کە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی لە هەردوو پۆستی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی بەدوای خۆی داهێنا نەیتوانی پرۆسەی ئاڵوگۆڕەکە بخاتە نێوان دووکەوانەی یاساوە، بەو هۆیەوە تاکو ئێستا سلێمانی بێ پاریزگارە.

ئەگەرچی بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی سەوزی یەکێتی نیشتمانی کوردستان, لە ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی د. ئاسۆ فەرەیدوون هێشتا پارێزگارە.

هەرلەبارەی حیکایەتی بوون و نەبوونی پارێزگار بۆ سلێمانی سەرۆکی لیستی زەرد, لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی, هەمان بۆچوونی سەرۆکی لیستی سەوزی هەیە لە رەوانگەی دیدی یاساوە بۆ پۆستی پارێزگار لە نێوان مەحەکی چەسپاندنی یاسا و سێبەری رێکكەوتنە سیاسيیەکان.

بەپێی رێکكەوتنی دوو قۆڵی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان رۆژی 28ی ئابی رابردوو, ئاڵوگۆڕ لە هەردوو پۆستی پارێزگارو سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کراو ئەوەش کێشەی بۆشایی یاسایی لەپۆستی پارێزگاری سلێمانی لێکەوتەوە و تا ئێستا ئەو کێشەیە بەچارەسەر نەکراوی ماوەتەوە.