حكومه‌تی هه‌رێم هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی هێزه‌كانی توركیا له‌ باشیك ئاشكرا ده‌كات

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ت ئاگاداری هیچ به‌رنامه‌یه‌كی دیكه‌ نین

K24 – هه‌ولێر

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راده‌گه‌یه‌نێت بوونی هێزه‌كانی توركیا له‌ باشیك به‌ ئاگاداریی و رەزامەندیی وەزیری بەرگری و حكومەتی عێراقی فیدراڵ بووه‌ و مەشق و ڕاهێنان بە پۆلیس و هێزە خۆبەخشەكانی پارێزگای نەینەوا كردووه‌ و سەرۆكایەتیی هەرێم و حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاگاداری هیچ بەرنامەیەكی دیكه‌ نین.

ده‌قی لێدوانی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ له‌ ماڵپه‌ری حكومه‌ت بڵاو كرایه‌وه‌:

وته‌بێژى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، سه‌فین دزه‌یى ده‌رباره‌ى ئه‌و هێزه‌ توركیانه‌ى له‌ ناوچه‌ى باشیك جێگیر كراون، رایگه‌یاند دوای پەلاماردانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و عێراق، وڵاتانی هاوپەیمان و زۆر دەوڵەتی دیكه‌، هاوكاریی سەربازی و مەشق و ڕاهێنانیان پێشكەش به‌ هەرێمی كوردستان و عێراق كرد.

هەر لەو چوارچێوەیەدا بە ئاگاداریی و رەزامەندیی وەزیری بەرگری و حكومەتی عێراقی فیدراڵ، دوو بنكەی مەشق و راهێنان لە دووبەردان و باشیك لە نزیك شاری مووسڵ كرانەوە، ئەویش بەمەبەستی مەشق و راهێنان بە پۆلیس و هێزە خۆبەخشەكانی پارێزگای نەینەوا، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئاسانكاری بۆ ئەو پرۆسەیە كردووە.

هەر لە چوارچێوەی ئەم پرۆسەیەدا، پسپۆڕە سەربازییەكانی توركیاش لەم دوو شوێنە ڕاهێنانیان بە پۆلیس و هێزە خۆبەخشەكانی پارێزگای نەینەوا كردووە  و وەزیری بەرگریی عێراقیش سەردانی بنكەكانی مەشق و هێزە توركییەكانی كردووە.

لەوە زیاتر نە سەرۆكایەتیی هەرێم و نە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاگاداری هیچ بەرنامەیەكی دیكه‌ نین.