له‌ رۆژئاوای كوردستان نزیكه‌ی 40 چه‌كداری داعش كوژران

K24 – هه‌ولێر

سوپای توركیا رایگه‌یاند 38 چه‌كداری داعش له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوو  له‌ باكووری سوریا (رۆژئاوای كوردستان) كوژراون و شه‌ڕ و پێكدادانی نێوان داعش و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆن سوریا نزیك له‌ ئه‌نقه‌ره‌ چڕتر بووه‌.

سوپای توركیا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند 14 چه‌كدار داعش له‌ هێرشێكدا كوژران كه‌ هه‌وڵیاندا هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر دوو گوندی ژێر كۆنترۆڵی چه‌كدارانی ئۆپۆزسیۆن به‌ دووری سێ كیلۆمه‌تری رۆژهه‌ڵاتی دابق.

روانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند چه‌كدارانی ئۆپۆزسیۆن رۆژ شه‌ممه‌ له‌ دژه‌ هێرشێكدا ده‌ستیان به‌سه‌ر ئه‌و گوندانه‌دا گرت كه‌ نزیكن له‌ سنووری توركیا.

17 چه‌كداری دیكه‌ی داعش له‌ هێرشه‌ هه‌واییه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وله‌تی به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له‌ هه‌مان ناوچه‌ كوژراون.

فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ده‌ستیان به‌ بۆردومانكردنی بنكه‌كانی چه‌كدارانی داعش كرد و‌ به‌یاننامه‌ی سوپای تورك باس له‌ كوژرانی هه‌فت چه‌كدار و رووخاندنی پێنج بینا ده‌كات كه‌ له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌ به‌كار ده‌هاتن.

هه‌روه‌ها باس له‌ كوژرانی دوو چه‌كداری ئۆپۆزسیۆن و برینداربوونی 19 دیكه‌ له‌ دوایین شه‌ڕ و پێكدادانی له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی داعش ده‌كات.