یه‌كگرتووی ئیسلامی: بەزاندنی سنووری خاكی هەرێم رەتدەكەینەوە

K24 – هه‌ولێر

فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به‌ ده‌ركردنی به‌یاینامه‌یه‌ك هه‌ڵویستی خۆی سه‌باره‌ت به‌ كۆی پرسه‌كانی هه‌رێم  راده‌گه‌یه‌نێت و به‌ بێ باسكردنی هێزه‌كانی توركیا له‌ باشیك رایگه‌یاند هەموو دەستێوەردانێك ‌و هاتنە ناوەوە و بەزاندنی سنووری خاكی هەرێم رەتدەكەینەوە كە ئامانج لێی شكاندنی سەرەوەری هەرێم ‌و گۆڕینی باڵانسی هێز و قووڵكردنەوەی كێشەكان ‌و یەكلاكردنەوەی بەرژەوەندی ووڵاتان بێت .

به‌یاننامه‌ی یه‌كگرتوو پاش ئه‌وه‌ی دێت كه‌ پێنج فراكسیۆنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایانگه‌یاند بوونی  هێزه‌كانی توركیا پێشێلكردنی بڕیاری په‌رله‌مانی كوردستانه‌.

فراكسیۆنی یه‌كگرتوو هه‌روه‌ها پشتیوانی خۆی بۆ ناڕەزایەتی ‌و خۆپیشاندان ‌و گردبوونەوەی مەدەنیانەی هاووڵاتیان‌ و فەرمانبەران ‌و مامۆستایانی كوردستان ده‌خاته‌ڕوو و پێشی وایه‌ حكومەت لە جیاتی بەهاناوەچوون‌ و دۆزینەوەی چارەسەری ڕاستەقینە، بە تەرخان كردنی پارەی نەوت بۆ كۆمپانیاكانی نەوت ‌و سەرفكردنی بەشێكی تری داهات لە چالاكی ‌و ڤیستیڤاڵی بێ‌ هودە ئەوەندەی تر نیگەرانی هاووڵاتیانی كوردستان زیادكردوە.

داواشی ده‌كات كۆتایی بە پاشەكەوتی مووچە بهێنرێت ‌و مووچە لە وادەی خۆیدا بێ‌ دواكەوتن بدرێت ‌و سنوورێكیش بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتی دابنرێت.

 

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ 

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

هاووڵاتیانی بە شەرەفی كوردستان

وەك دەزانن هەرێمی كوردستان بە دژواترین كاتەكانی دا تێدەپەڕێت‌و قەیرانە ئابوری‌و سیاسیەكان ڕۆژبەڕۆژ لە هەڵكشاندان‌و بێ‌ متمانەیی نێوان هێزو لایەنە كوردستانیەكان لە هەر كات زیاتربووە و كۆ دەنگی كوردستانی لەسەر پرسە نەتەوەیی‌و نیشتمانیەكان خەریكە ببێتە خەون‌و مەحاڵ، لەلایەكی تر ئەوەی كە باجی ئەم دۆخە سیاسە شپرزە دەدات هاووڵاتیانی كوردستانن كە سەرەڕای ئەو بارگرانیەی بەهۆی نەبوون‌و دواكەوتنی چارەكە موچەوە بۆیان دروست بووە خەریكە نا ئومێدی‌و بێ‌ هیوای‌و كێشەی دەروونی‌و كۆمەڵایەتی دەبێتـە خوانی ئامادەی سەر هەموو سفرەیەكی كوردەواری .

بۆیە ئێمە لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هەڵوێستی خۆمان لەم خاڵانەدا دەخەینە ڕوو :

1- پشتیوانی لە ناڕەزایەتی‌و خۆپیشاندان ‌و گردبوونەوەی مەدەنیانەی هاووڵاتیان‌و فەرمانبەران‌و مامۆستایانی كوردستان دەكەین، خەریكە هیچ مانایەك بۆ حوكمڕانی نامێنێتەوەو حكومەت هەیبەت‌و ئەركی خۆی لە دەستداوە، كە لە بە شێكی هەرێم دەرگای قوتابخانەو فەرمانگەو زانكۆ و پەیمانگاكان داخراون‌و لە بەشەكەی تری بایكۆتی بێ‌ دەنگ هەیەو خەڵك خەفە كراوە .

لەلایەكی تر حكومەت لە جیاتی بەهاناوەچوون‌و دۆزینەوەی چارەسەری ڕاستەقینە بە تەرخان كردنی پارەی نەوت بۆ كۆمپانیاكانی نەوت‌و سەرفكردنی بەشێكی تری داهات لە چالاكی‌و ڤیستیڤاڵی بێ‌ هودە ئەوەندەی تر نیگەرانی هاووڵاتیانی كوردستان زیادكردوە.

بۆیە داواكارین كۆتایی بە پاشەكەوتی مووچە بهێنرێت‌و پێدانی مووچە لە وادەی خۆی دا بێ‌ دواكەوتن‌و سنووردانان بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتی .

2-  سەبارەت بە دەستێوەردانی دەرەكی بەداخەوە لە ساڵی (1991)وە عێراق‌و هەرێمی كوردستان بووەتە مەیدانی تەراتێنی دەوڵەتە هەرێمایەتی‌و نێودەوڵەتیەكان و دەزگا هەواڵگیری‌و سەدان كۆمپانیایان كە داهاتی هەرێمیان دادۆشیوە ، بۆیە ئێمە هەموو دەستێوەردانێك‌و هاتنە ناوەوەو بەزاندنی سنوری خاكی هەرێم ڕەتدەكەینەوە كە ئامانج لێی شكاندنی سەرەوەری هەرێم‌و گۆڕینی باڵانسی هێزو قوڵكردنەوەی كێشەكان‌و كردەمەیدانی یەكلاكردنەوەی بەرژەوەندی ووڵاتان بێت، وە هەر هاتنە ناوەوەیەكی هێزی بیانی دەبێت لەسەر ڕەزامەندی پەرلەمانی كوردستان ‌و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژی داعش بێ.

3- تایبەت بە كۆبوونەوەی پەرلەمان ئێمە پێمان وایە كە غیابی پەرلەمانی كوردستان‌و پەكخستنی كێشە سیاسی‌و ئابووریەكانی كەڵەكتر كردووەو هیچ پاساوێك نیە كە دۆخەكە بەم جۆرە بەردەوام بێت 

بۆیە داوای دەستپێكردنەوەی گرێدانی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان دەكەین بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی پەرلەمان بە ڕۆڵ‌و بەرپرسیاریەتی شیاوی خۆی هەڵبستێت وەك مەرجەعی یەكلاكردنەوەی پرسە چارەنووسازەكان‌و نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان، وە داخوازین لە حیزب‌ و هێزە سیاسیە كوردستانیەكان كە هەرچی زووە هاوكار بن بۆ بەگەڕخستنەوەی پەرلەمانی كوردستان چونكە بەردەوامی دۆخەكە بەشێوەی ئێستا بە زیان بۆ هەموان‌و ناو ناوبانگی گەلەكەمان دەشكێتەوەو لە نەفرەتی مێژوو قوتارمان نابێت .

 

فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

لە پەرلەمانی كوردستان

هەولێر

9/10/2016