نێچیرڤان بارزانی: دوو مووچه‌یی ناهێڵین
قوباد تاڵه‌بانی: مووچه‌ی پاشكه‌وتكراو وه‌ك ره‌سیدێك به فه‌رمانبه‌ران ده‌درێت
K24 – هه‌ولێر
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند پرۆژه‌ی به ئه‌ليكترۆنی كردنی سیسته‌می مووچه هه‌نگاوێكی گرنگه بۆ چاكسازی و به‌رێوه‌بردن و، دوو مووچه‌یی نایاسایی ئاشكرا ده‌كات.
گوتیشی چه‌ندین مانگه ده‌ستمان به‌م پرۆژه‌یه كردووه و شوێنی تایبه‌ت دانراوه بۆ تۆماركردنی ناوی فه‌رمانبه‌ران و به گرنگ نرخاندنی رۆڵی فه‌رمانگه‌ی ته‌كنه‌لۆجیای زانیاریی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، داوا له ته‌واوی فه‌رمانبه‌ران كرد به‌شداری پرۆسه‌ی به ئه‌ليكترۆنی كردنی سیسته‌می مووچه بكه‌ن و ناوی خۆیان تۆمار بكه‌ن.
جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم قوباد تاڵه‌بانی یاوه‌ری سه‌رۆكی حكومه‌ت كرد بۆ به‌شداریكردن له پرۆسه‌ی به ئه‌ليكترۆنی كردنی سیسته‌می مووچه و رایگه‌یاند رۆژێكی گرنگ و هه‌نگاوێكی ستراتیژییه بۆ چاكسازی، كه پاش وردبینی له داهاتی نه‌وت، ئه‌مڕۆ ده‌ست به پرۆسه‌یه‌كی دیكه‌ی چاكسازی كرا.
به وته‌ی تاڵه‌بانی، له ماوه‌ی كه‌متر له سێ مانگدا داتابه‌یسی 1.4 ملیۆن فه‌رمانبه‌ری كه‌رتی گشتی وه‌رده‌گیرێت و پاشان میلاكاتی فه‌رمانبه‌ران رێكده‌خرێته‌وه و حسابی بانكی بۆ ته‌واوی فه‌رمانبه‌ران ده‌كرێته‌وه و ده‌توانرێت ئه‌و مووچه‌یه كه پاشكه‌وتكراوه وه‌ك ره‌سیدێك پێیان بدرێت و مووچه‌ی هیچ كه‌سێك تافه‌وتێت.