بارزانی و عادل عەبدولمەھدی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ تاوتوێ دەكەن

K24 - ھەولێر

لە دیدارێكی نێوانیاندا مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و عادل عەبدولمەھدی سیاسەتمەدار و سەركردەی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق، ئامادەكارییەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵ و ھەماھەنگی نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقیان تاوتوێ كرد.

بە گوێرەی ماڵپەڕی فەرمی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان ئەمڕۆ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە سەلاحەدین پێشوازی لە عادل عەبدولمەهدی سەركردەی باڵای ئەنجوومەنی ئیسلامی عێراق كرد لەو دیدارەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و عادل عەبدولمەھدی، جەخت لەسەر دیالۆگ و لێگتێگەیشتنی نێوان لایەنەكان كرایەوە بە مەبەستی چارەسەری بۆ كێشەكان.

لە كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و عادل عەبدولمەھدی تیشك خرایە سەر بارودۆخی ئەمنی و ئامادەکارییەکان بۆ ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ و لەوبارەیەشەوە هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانان بە گرنگ وەسفكرا.