باڵی "زۆرینه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی" یه‌كێتی لێدوانێكی رۆژنامه‌وانی بڵاوده‌كاته‌وه‌

باڵی زۆرینه‌ی مه‌كته‌ب سیاسی: دەیان كۆبونەوەی ناشەرعی‌و ئۆرگانی بەناو (بۆرد) پەیتا پەیتا دروستدەكرێ‌

K24 - هه‌ولێر:

باڵی "زۆرینه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی" یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، لێدوانی رۆژنامه‌وانی له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌ بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا جه‌خت له‌ كات و ساتی كۆبوونه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌.

له‌ لێدوانه‌كه‌دا، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ی به‌ جێگری دووه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی بكرێت بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌، هاتووه‌: "كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی ھەروەکو کۆبوونەوەی پێشووی مەکتەبی سیاسی، بۆ تەواوی ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتییە. لەپێشەوەدا بەڕێز جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی".

رۆژی 1ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری رابردوو، به‌ سه‌رپه‌رشتی جێگرانی سكرتێری گشتی یه‌كێتی، باڵی "ناوه‌ندی بڕیار" له‌ ناو یه‌كێتی راگه‌یه‌ندرا و له‌ به‌یاننامه‌یه‌كیش رایانگه‌یاند، هه‌ر بڕیارێك به‌بێ ئاگاداری ئه‌و ناوه‌نده‌ ده‌ربچێت، به‌ بڕیاری گشتی یه‌كێتی دانانرێت.

دەقی لێدوانه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی باڵی "زۆرینه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی":

دەقی لێدوانی رۆژنامەوانی مەكتەبی سیاسی، سەبارەت بە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی

دوای مانگ و نیوێك، لەسەرهەڵدانی كێشەی چاوەڕواننەكراوی ناو یەكێتی‌و كات بەفیڕۆدان، مەكتەبی سیاسی تەنها كۆبونەوەیەكی  ئاسایی كردو بڕیارە گشتییەكانی پەسەند كرد.لەو ماوەیەشدا تەنانەت یەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی، لەبەرامبەر لەلێشاوێك لەئاخاوتن‌و هێرش كردن ‌و چاوپێكەوتن، بۆ یەكجاریش رێگە نەدران وەڵام بدەنەوە.

دوای ئەو پەرۆشی‌و پشوو درێژییە، لەبەرئەوەی نەك هیچ هەنگاوێك‌و پێشنیازێكی چارەسەری راستەقینەی گرفتە دروستكراوەكان نەنراوە، بەڵكو كات بەسەر دەبرێ‌و لەپەناشەوە دەیان كۆبونەوەی ناشەرعی‌و ئۆرگانی بەناو (بۆرد) پەیتا پەیتا دروستدەكرێ‌و سەدان پەیوەندی ژێر بەژێر بەهەڤاڵان‌و بەرپرسی ئۆرگانەكانەوە دەكرێ، بەئامانجی چەسپاندنی بڕیارو بەرنامەی پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆ، بۆیە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی لەكاتی دیاریكراودا سەعات (11)ی بەیانی (15)ی (10)ی (2016) ئەنجامدەدرێ.

بەدڵنیاییەوە تەواوی هەڤاڵان‌و دۆستان‌و پشتیوانانی یەكێتی، دڵنیادەكەینەوە، كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیش، هەروەكو كۆبوونەوەی پێشووی مەكتەبی سیاسی، بۆ تەواوی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتییە. لەپێشەوەدا بەڕێز جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی.

لەهەموو حاڵەتێكیشدا، بەرنامەی كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی، دوور دەبێت لەكاردانەوەو هەموو چەشنە قوڵكردنێكی كێشەكان. بەڵكو دەرگای هەڤاڵانە بۆ چارەسەری راستەقینە هەر بەكراوەیی دەمێنێتەوە.

ئێوارەی (13/10/2016)