حکوومەتی هەرێم وەڵامی راپۆرتێکی "رۆیتەرز" ده‌داته‌وه‌

سەبارەت بە فراوانکردنی سنووری کوردستان

K24 - هه‌ولێر:

دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی سەر بە ئەنجوومی وەزیران رایگەیاند، حکوومەتی هەرێم ئەو تۆمەت و رەخنانە سەبارەت بە رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان هەمیشە بە جددی وەردەگرێت و گوتی:  هەرێمی کوردستان دەستی کردووە بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی پێویست .

سەبارەت بەو "ده‌نگۆیانه‌ی" کە لە راپۆرتی ئاژانسی رۆیتەرزدا هاتووە, گوایە کورد ماڵ و حاڵی عەرەبەکان لە ناوچەی زوممار دەرووخێنن، زێباری دەڵێ: "ئێمەوە وەک لیژنەی باڵای دۆزینەوەی راستیەکان گەیشتینە چەند دەرەنجامێک لەوانە: خاپوورکردنی خانووەکان لە زوممار و دەوروبەری بە سێ قۆناغ بوو، یەکەم قۆناغی کۆنتڕۆڵکردنی زوممار لەلایەن داعش، قۆناغی دووەم بۆردوومانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان، قۆناغی سێیەمیش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زوممار لەلایەن پێشمەرگەوە، بەشێکی زۆری خانووەکان لە ئەنجامی بۆمبڕێژکردنیان لەلایەن داعشەوە رووخێنراون".

ديندار زێباری هه‌وره‌ها ده‌ڵێت: "بەشێکی خانووەکانیش لە ئاکامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکان و بۆردوومانی هێزەکانی رووخێنراون، چونکە داعش وەک مۆڵگەیەک بەکاری هێناون و لە دژی هێزەکانی پێشمەرگە شەڕی لەو خانووانەدا کردووە، هەروەها ژمارەیەک لە خانوو بەشێوەیەکی نایاسایی و زێدەڕۆیی ئاوەدانکرابوون لەلایەن شارەوانییەوە و دامودەزگا حکومییەکانی سەر بە پارێزگای نەینەوا تێکدراون".