ئەمڕۆ باڵەكانی یەكێتی خۆیان یەكلا دەكەنەوە

K24 – ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی بەڕێوەبچێت، بەڵام تا ئێستا باڵی ناوەندی بڕیار كە لەلایەن ھەردوو جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی سەركردایەتی دەكرێت قایل نین بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە بكەن و رەتیانكردوەتەوە و راشیانگەیاندووە، كۆبوونەوەكە بەبێ ئاگاداری و ئامادەبوونی خۆیان بە ناشەرعی و لەتكردنی یەكێتی دەزانن.

شەوی رابردوو ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد كە سەرپەرشتی باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتی دەكات، بۆ رازیكردنی جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی كە بەشداری لە كۆبوونەوەكە بكەن، پاڤێڵ تاڵەبانی كوڕی ناردوەتە لای باڵی ناوەندی بڕیار و لەماڵی كۆسرەت رەسوڵ كۆبوونەتەوە، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی ھیچ زانیارییەكیان لەبارەی ئەنجامی كۆبوونەوەكە نەدركاندووە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، فەرەیدون عەبدولقادر ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بۆ نێوەندگیری بەشداری لە كۆبوونەوەكەی شەوی رابردوو كردووە.

زانیاری ئەوەش ھەیە باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتی ئەگەر نەیانتوانی سەركردەكانی باڵی ناوەندی بڕیار رازی بكەن بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی، نیازی ئەوەیان ھەیە جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی كە دوای نەخۆشكەوتنی نەیتوانیوە بەشداری لە ھیچ چالاكییەكی سیاسی و رێكخراوەیدا بكات ببەنە ناو كۆبوونەوەكە بۆ ئەوەی شەرعیەت بە كۆبوونەوە بدەن.

بەپێی دوایین زانیاری 34 ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بەشداری لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ دەكەن و 17یان بەشدارنابن، بۆیە پێدەچێت كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی یەكلاكەرەوەبێت، چونكە پێشتر باڵی ناوەندی بڕیار رایانگەیاندووە، ھەر بڕیارێك بەبێ ئەوان لەناوحزبەكەیان بدرێت شەرعیەتی نییە و قبووڵی ناكەن.