ئەمریكا: پەیوەندی راستەوخۆمان لەگەڵ بارزانی و ھەرێمی كوردستان ھەیە

K24 - ھەولێر

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، پەیوەندییەکی زۆر نزیکیان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە.

مارک تۆنەر، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا روونیکردەوە، پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و لە سەرووی هەموویانەوە، پەیوەندییەکی زۆر باشیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی هەیە ئەمەش بۆ تاوتوێکردنی چەندین پرسی جیاواز.

تۆنەر جەختیکردەوە، هێزەکانی پێشمەرگە بەشداری لە شەڕی مووسڵدا دەکەن و لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی كوردستان تاوتوێی پلانی شەڕەکەیان کردووە و هەروەها باس لەو رێکارانەش کراوە بۆ پێشوازیکردن لە لێشاوی ئاوارەکانی مووسڵ، ئەمەش لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕەکە.