كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەبێ باڵی ناوەندی بڕیاری دەستیپێكرد
K24 – سلێمانی
كەمێك پێش ئێستا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەبێ باڵی ناوەندی بڕیار لە سلێمانی دەستیپێكرد.
پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە بەبێ بەشداربوونی باڵی ناوەندی بڕیار كە ھەر یەك لە كۆسرەت رەسوڵ و بەرھەم ساڵح جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی سەركردایەتی دەكەن دەستیپێكرد".
گوتیشی: "رێگری زۆر لە تیمی رۆژنامەنووسان دەكرێت و ھیچ زانیارییەكیان لەبارەی كۆبوونەوەكە پێنادرێت، ھەروەھا لەلایەن پاسەوانانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پێیان گوتراوە كە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی دووركەونەوە".
ئەم كۆبوونەوە لە كاتێكدایە كە باڵی ناوەندی بڕیار كۆبوونەوەكەی بە ناشەرعی ناوبردووە و رایانگەیاندووە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆیی یەكێتی سكرتێری گشتی دەتوانێت ئەندامانی ئەنجوومەن بۆ كۆبوونەوە ئاگادار بكاتەوە، لە غیابی سكرتێریش تەنیا جێگرانی سكرتێری گشتی بۆیان ھەیە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی رێكبخەن، بۆیە ھەر كۆبوونەوەیەك بەبێ ئاگاداری و ئامادەنەبوونی جێگرانی سكرتێری گشتی شەرعیەتی نییە.