برێت مه‌كگورك: لەگەڵ بارزانی بە وردی باسی ئۆپەراسیۆنی موسڵ-مان كردووە
"هەماهەنگیی راستەوخۆمان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە"
K24 - هه‌ولێر:
برێت مەكگۆرك, نوێنەری تایبەتی باراك ئۆباما, سەرۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئەمەریكا, له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، رایگەیاند, ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ نزیكبووەتەوە و ئامادەكاریی تەواویش بۆ ئەم مەبەستەكراوە.
برێت مه‌كگورك، گوتيشی: "لەگەڵ بارزانی بە وردی باسی ئۆپەراسیۆنی مووسڵمان كردووە و سەردانی مەسعود بارزانیش بۆ بەغدا تایبەت بووە بە گفتوگۆكردن دەربارەی ئۆپەراسیۆنه‌كه".
هه‌روه‌ها گوتى: "هەماهەنگیی راستەوخۆمان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە".
له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، برێت مه‌كگورك راشیگه‌یاند، ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەكان دەتوانن یەكبگرن و موسڵ لە داعش پاكبكەنەوە.
نوێنه‌ری تایبه‌تی ئۆباما له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ئاشكرایكرد، وڵاته‌كه‌ی لەدوای شەڕی داعش‌یش رووبەرووی توندڕەوان ده‌بێته‌وه.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، ئێستا ئێمە لە ئامادەکاریداین بۆ رزگارکردنی شاری موسڵ و گوتی: " بەشیك لەپلانی موسڵ بریتییە لەوەی کە سەقامگیریی بگەڕێنینەوە بۆ ئەو شارە لەدوای داعش"
له باره‌ی به‌شداریكردنی هێزه‌كانی حه‌شدی نیشتمانی و چه‌كداره خۆبه‌خشه سووننه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا رایگه‌یاند، نزیکەی 14 هەزار چەکداری حەشدی نیشتمانی و خۆبەخشی نەینەوا بەشداری شەڕی موسڵ دەکەن.
موسڵ، كه سه‌نته‌ری پارێزگای نه‌ینه‌وایه و دووه‌م گه‌وره‌ترین پارێزگای عێراقه و له 10ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2014، سه‌نته‌ری شاره‌كه و به‌شێكی زۆر له پارێزگاكه، له‌لایه‌ن داعشه‌وه په‌لاماردرا و سوپای عێراق به‌بێ هیچ به‌رگرییه‌ك شاره‌كه‌ی چۆڵكرد.