كۆسره‌ت ره‌سوڵ: ئۆباڵی لێكترازان ده‌خه‌ینه ئه‌ستۆی ئه‌نجامده‌رانی كۆبوونه‌وه‌كه
كۆسره‌ت ره‌سوڵ راگه‌یه‌نراوێك له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بڵاوده‌كاته‌وه
K24 هه‌ولێر:
كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له رێگه‌ی نوسینگه‌ی رۆژنامهوانییهكهیهوه راگه‌یه‌نراوێك له باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بڵاوده‌كاته‌وه و رایگه‌یاندووه،كۆبوونه‌وه‌كه لادانه له په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتی به‌ڵام ئه‌و هه‌ڤاڵانه گوێیان به ئاگاداركردنه‌وه‌ی ئێمه نه‌داو له پره‌نسیپی حزبی لایاندا.
ده‌قی راگهیهنراوهكه...
راگه‌یه‌نراوێك له سكرتێری رۆژنامه‌وانى كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لى-یه‌وه جه‌ماوه‌رى دڵسۆزى یه‌كێتى كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان تێكۆشه‌رانى رێبازى یه‌كێتى و جه‌نابی مام جه‌لال به‌پێی په‌یڕه‌وى ناوخۆی یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى ده‌بێ به‌سه‌رپه‌رشتى به‌ڕێز سكرتێری گشتى بێت و، ئێستاش به‌هۆی نه‌خۆشی جه‌نابی مام جه‌لاله‌وه، ده‌بێ به‌سه‌رپه‌رشتى به‌ڕێز جێگری یه‌كه‌مى سكرتێری گشتى بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و هه‌ڤاڵانه گوێیان به ئاگاداركردنه‌وه‌ى ئێمه نه‌دا، و په‌یڕه‌وى ناوخۆیان پێشێل كرد و له پڕه‌نسیپی حزبی لایاندا، به‌گوێره‌ى مادده‌ى (27) بڕگه‌ى حه‌وته‌م له په‌یڕه‌وى ناوخۆ ئه‌بێت سكرتێری گشتى "ی.ن.ك" خۆی سه‌رۆكایه‌تى كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى بكات و ئه‌گه‌ر به‌هه‌ر هۆیه‌ك سكرتێری گشتى نه‌یتوانى سه‌ركردایه‌تى كۆبوونه‌وه‌كه‌و گفتوگۆكانى بكات ئه‌وا به‌پێی ماده‌ى 28 بڕگه‌ى یه‌كه‌م و دووه‌م له په‌یڕه‌وى ناوخۆ ته‌نها ئه‌و ده‌سه‌ڵاته دراوه‌ته جێگری سكرتێری گشتى بۆ سه‌رپه‌رشتى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى و راپه‌ڕاندنى ئه‌ركه‌كانى سكرتێری گشتى. واته له‌كاتى ئێستاى "ی.ن.ك" ئه‌و دوو مادده‌یه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆ سه‌رپه‌رشتى كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌نجومه‌نى به جێگری سكرتێر سپاردووه‌و ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ى نه‌داوه‌ته هیچ كه‌سێكى تر. خه‌مخۆرانى یه‌كێتى.... ئه‌و گیانه ناحزبییه دۆخى شێواندن و لاوازكردنى یه‌كێتى سازئهكا، به‌ڕێز جێگری یه‌كه‌مى سكرتێری گشتى "ی.ن.ك" ئاگادارى هه‌موو لایه‌ك به‌تایبه‌تى دڵسۆزانى "ی.ن.ك" ده‌كاته‌وه كه هوشیاربن له‌و ئاراسته‌یه‌ى كه ده‌بنه هۆی لێكترازان، ئۆباڵه‌كه‌شی ده‌خه‌ینه ئه‌ستۆی ئه‌نجامده‌رانى ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه. له‌مه‌ودوا به‌ڕێز جێگری یه‌كه‌مى سكرتێری گشتى و هه‌ڤاڵانی، له دڵسۆزى بۆ "ی.ن.ك" و داهاتووى ناچارن بۆ ده‌ربازكردنى یه‌كێتى له‌و گێژهنگهو له حاڵی لاوازى و بێ توانایی هه‌نگاوى پێویست بنێین بۆ ئه‌وه‌ى یه‌كێتى وه‌ك هه‌میشه بتوانێ به رۆڵی خۆی هه‌ڵسێ له چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى كوردستان، هه‌م له‌رووى ژیان و گوزه‌رانى خه‌ڵك و هه‌م بۆ چاكسازى له سیسته‌مى فه‌رمانڕه‌واییدا.
سكرتێری رۆژنامه‌وانى جێگری یه‌كه‌مى سكرتێری گشتى