بارزانی په‌یامێك بڵاو ده‌كاته‌وه‌

K24 – هه‌ولێر

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی له‌ په‌یامێكدا ئامادەكارییەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ ده‌خاته‌ڕو و باس له‌ رێككەوتنی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراق بۆ ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ ده‌كات، كه‌ كار و ئەركی سەربازیی هەموو هێز و یەكە بەشداربووەكانی ئۆپەراسیۆنەكە بە وردی دیاری كراوە.

هه‌روه‌ها بۆ موسڵی دوای داعشیش باس له‌ ڕێككەتنێك له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌كات بۆ پێكهێنانی كۆمیتەیەكی باڵای سیاسی و هاوبەش بۆ سەرپەرشتیكردنی بارودۆخ و پێشهاتەكان لە دوای ئازادكردنی موسڵ.

 

 ده‌قی په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

ماوەیەكی درێژە لە ڕاگەیاندن و ناوەندە سیاسییەكانی ناوخۆ و دەرەوە باس لە ئامادەكارییەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ دەكرێت و، تێكشكاندنی داعش و ئازادكردنی موسڵیش بۆ هەرێمی كوردستان بایەخ و گرنگیی تایبەتی هەیە و ئەولەویەتی سیاسەتی هەرێمی كوردستانە.

بە پێویستی دەزانم لەمبارەیەوە بە هەموو لایەك ڕابگەیێنم كە ئامادەكاریی تەواو بۆ دەستپێكی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ كراوە و لەو چوارچێوەیەشدا ڕێككەوتن لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراقیدا كراوە. لەو ڕێككەوتنەیشدا چۆنییەتی ئۆپەراسیۆنەكە و كار و ئەركی سەربازیی هەموو هێز و یەكە بەشداربووەكانی ئۆپەراسیۆنەكە بە وردی دیاری كراوە و، پابەندبوونی تەواوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە دووپات دەكەینەوە. هەماهەنگیی تەواو هەیە لەنێوان پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراقی و هەموو هەوڵێكیش دەدرێت كە پێكەوە نەهێڵین هیچ ڕووداوێكی نەخوازراو بێتە پێش.

هەروەها هەولێر و بەغدا لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون كە كۆمیتەیەكی باڵای سیاسی و هاوبەش پێكبهێندرێت بۆ كۆنتڕۆڵ و سەرپەرشتیكردنی بارودۆخ و پێشهاتەكان لە دوای ئازادكردنی موسڵ.

ئومێدی ئەوە دەخوازم ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ سەركەوتووانە ئەنجام بدرێت و دانیشتوانی شاری موسڵ لە زوڵمی تیرۆریستانی داعش ڕزگاریان بێت و خەڵكی ئاوارەی موسڵ و پارێزگای نەینەوا بە ئاسوودەیی بگەڕێنەوە شار و ناوچەكانی خۆیان.

مسعود بارزانی

15-10-2016