باڵی ده‌ستڕۆیشتووی یه‌كێتی راگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

كۆبوونه‌وه‌كه‌یان كۆتایی هات

K24 - هه‌ولێر:

دوای زیاتر له‌ حه‌وت كاتژمێر له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی كه‌ له‌ لایه‌ن باڵی ده‌ستڕۆیشتووی ئه‌و حزبه‌وه‌ ئه‌نجامدرا و باڵی ناوه‌ندی بڕیار به‌شدارییان تێدا نه‌كرد، كه‌مێك پێش ئێستا كۆبوونه‌وه‌كه‌ كۆتایی هات.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان بڕیاره‌ پاش كه‌مێكی دیكه‌ ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی راگه‌یه‌نراوێك له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆیان رابگه‌یه‌نن.

كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی به‌بێ به‌شدار بوونی باڵی ناوه‌ندی بڕیار به‌ڕێوه‌ چووه‌ و له‌و كاته‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌ستیپێكرد،كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ رێگه‌ی نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانییه‌كه‌یه‌وه‌ راگه‌یه‌نراوێك له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بڵاوده‌كاته‌وه‌ و رایگه‌یاندووه‌،كۆبوونه‌وه‌كه‌ لادانه‌ له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتی به‌ڵام ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ گوێیان به‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ی ئێمه‌ نه‌داو له‌ پره‌نسیپی حزبی لایاندا.

لە بەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكەدا ھاتووە: "ئه‌و گیانه‌ ناحزبییه‌ دۆخى شێواندن و لاوازكردنى یه‌كێتى سازئه‌كات، جێگری یه‌كه‌مى سكرتێری گشتى "ی.ن.ك" ئاگادارى هه‌موو لایه‌ك به‌تایبه‌تى دڵسۆزانى "ی.ن.ك" ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هوشیاربن له‌و ئاراسته‌یه‌ى كه‌ ده‌بنه‌ هۆی لێكترازان، ئۆباڵه‌كه‌شی ده‌خه‌ینه‌ ئه‌ستۆی ئه‌نجامده‌رانى ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه"‌.
 كۆسرەت رەسوڵ رایگەیاند: "به‌گوێره‌ى مادده‌ى (27) بڕگه‌ى حه‌وته‌م له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆ ئه‌بێت سكرتێری گشتى "ی.ن.ك" خۆی سه‌رۆكایه‌تى كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى بكات و ئه‌گه‌ر به‌هه‌ر هۆیه‌ك سكرتێری گشتى نه‌یتوانى سه‌ركردایه‌تى كۆبوونه‌وه‌كه‌و گفتوگۆكانى بكات ئه‌وا به‌پێی ماده‌ى 28 بڕگه‌ى یه‌كه‌م و دووه‌م له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆ ته‌نها ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ دراوه‌ته‌ جێگری سكرتێری گشتى بۆ سه‌رپه‌رشتى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى و راپه‌ڕاندنى ئه‌ركه‌كانى سكرتێری گشتى، واته‌ له‌كاتى ئێستاى "ی.ن.ك" ئه‌و دوو مادده‌یه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆ سه‌رپه‌رشتى كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌نجومه‌نى به‌ جێگری سكرتێر سپاردووه‌و ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ى نه‌داوه‌ته‌ هیچ كه‌سێكى تر".