باڵى زۆرينه‌ى مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى ئه‌م راگه‌يه‌ندراوه‌ى بڵاو كرده‌وه‌

باڵى زۆرينه‌ بڕياريدا وه‌ڵامى ناوه‌ندى بڕيار نه‌داته‌وه‌ و به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك باسى به‌رهه‌م ساڵحى نه‌كردووه‌.

K24 – هه‌ولێر:

دواى كۆبوونه‌وه‌ى باڵى زۆرينه‌ى مه‌كته‌بى سياسى له‌گه‌ڵ سه‌ركردايه‌تى يه‌كێتيدا به‌ بێ ئاماده‌بوونى جێگرانى سكرتێرى گشتيى, راگه‌يه‌ندراوێكى بڵاو كرده‌وه‌.

له‌ راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا ئەرکی بە پەلەی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان ئەوەیە، کە، یەکەم: دوا توانا بخرێتە کار لەگەڵ دەوڵەتانی جیھان و ناوچەکە، بۆ دەستەبەرکردنی مافە دیموکراسییەکانی نەتەوەکەمان، لەکاتی مۆرکردنی ھەر رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی. دووەم: لەھەموو بەشێکی کوردستاندا، دیالۆگی بەرپرسانە لەنێوان ھێزە کوردستانییەکان، بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان لەلایەک و لایەکی دیکەشەوە، بۆ رێککەوتنی سیاسی ھێزە کوردستانییەکان و ھێزە دیموکرات و نیشتمانییەکانی وڵاتانی ناوچەکە، لەسەر ئامانجە ھاوبەشەکان، ئەنجام بدرێ.

سه‌باره‌ت به‌ قه‌يرانه‌كانى ناو يه‌كێتى له‌ راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: دەرگای دیالۆگی ھەڤاڵانە، بۆ چارەسەری کێشەی ھەڤاڵانمان، کراوەیە. بەدڵنیاییەوە، چی توانامان مابێ، دەیخەینەکار بۆ کۆتاییھێنانی کێشەکان و بوژاندنەوەی متمانەو خستنەوەگەڕی پۆست و ئۆرگانەکان. لەبەڕێز جێگری سکرتێری گشتییەوە، تا ھەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ئۆرگانەکانی دیکە. لەبەر بەرژەوەندی یەکێتیش، بڕیاردرا، تەنانەت وەڵامی سەرجەم ئاخاوتن و رونکردنەوەو رەخنەکانیش لەمەڕ کێشە ناوخۆییەکان و چۆنییەتی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، نەدرێتەوە.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: لەمەودوا، مانگی (٣)جار کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی ئەنجامبدرێ. لەکاتی خۆشیدا، دوو مانگ جارێ ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆدەبێتەوە. کۆبوونەوەی ئاییندەی سەرکردایەتیش، لەدوای ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان، کە ئومێدەوارین لەم بارەوە سەرکەوتووبین، لەھەفتەیەک بۆ دوو ھەفتەی تر، بڕیاردرا بە سەرپەرشتی بەڕێز جێگری سکرتێری گشتی ھەڤاڵ کۆسرەت رەسوڵ، ئەنجامبدرێ.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە

لەدۆخێکی سەختی کراوە بەڕووی ئەگەری سیاسی جۆراوجۆری جیھانی، ئیقلیمی، عیراقی و کوردستانیدا، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی، لەبارەگای مەکتەبی سیاسی لەسلێمانی، کۆبۆوە. لەکۆبونەوەکەدا، پێشھاتە نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و ناوخۆییەکانی عیراق و کوردستان، وەکو دەروازەی ھەڵسەنگاندنی رووداوەکان، گفتوگۆیەکی ھەمەلایەنەیان لەسەرکراو سەرەنجام، کۆبوونەوە گەیشتە ئەو بۆچوونەی کە:

سیاسەتی نێودەوڵەتی دەوڵەتانی ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش، سەبارەت بەکێشە ئابوریی و سیاسییەکانی جیھان، ناکۆکی قوڵ لەنێویاندا ھەیە؛ ناکۆکییەکانیش لەسەر رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لەسەر سوریاو عیراق، ھەروەھا سەبارەت بەوڵاتانی تری ناوچەکە، گەیشتۆتە رۆخی دۆخی مەترسیداری عەسکەریی و سازشی سیاسی. کە سەرەنجامەکەی ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکرێن، قوربانییەکی بێڕادەی خەڵکی ناوچەکەو داڕمانی ئابوریی و، دەیان ملیۆن ئاوارەو، وێران کردنی شارو دێھاتی زۆرێک لەوڵاتانی ناوچەکەیە. دۆخێکی سیاسی و ناکۆکی بەرژەوەندی ستراتیژی ئاوھا، بێگومان، سەبارەت بەچارەنوسی نەتەوەی کوردو گەلانی بێبەشکراو لەمافی دیموکراسی ناوچەکەو لەبەشەکانی کوردستاندا، مایەی مەترسییە. بەتایبەتی، ھێشتا لەکۆنگرە نێودەوڵەتییەکان و دانوستانە نیشتمانییەکاندا، دەستەبەری بەدیھێنانی مافەکانی کوردو گەلانی دیکە، لەئارادا نییە. باکورو رۆژئاوای کوردستان، نمونەی دیارن لەم بارەوە.

ھەر لەمکاتەدا، کاتێک، ھەڵوێستە لەسەر دۆخی لێکترازاوی ناوخۆی ھێزە کوردستانییەکانی بەشەکانی کوردستان و کێشە چارەسەر نەکراوەکانی پەرلەمان و حکومەت و قەیرانی ئابوری ھەرێمی کوردستان دەکرێ، مەترسییەکان، لەم ھەلومەرجەدا زیاتر ترس دەخاتە سەر ئاسۆی ھاوکێشەو روداوەکان. بۆیە، ئەرکی بە پەلەی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان ئەوەیە، کە:

یەکەم: دوا توانا بخرێتە کار لەگەڵ دەوڵەتانی جیھان و ناوچەکە، بۆ دەستەبەرکردنی مافە دیموکراسییەکانی نەتەوەکەمان، لەکاتی مۆرکردنی ھەر رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی.

دووەم: لەھەموو بەشێکی کوردستاندا، دیالۆگی بەرپرسانە لەنێوان ھێزە کوردستانییەکان، بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان لەلایەک و لایەکی دیکەشەوە، بۆ رێککەوتنی سیاسی ھێزە کوردستانییەکان و ھێزە دیموکرات و نیشتمانییەکانی وڵاتانی ناوچەکە، لەسەر ئامانجە ھاوبەشەکان، ئەنجام بدرێ.

لەسەر دۆخی عیراق؛ کۆبوونەوە، لەکاتێکدا ئومێدەوارە بەکەمترین زیانی پێشمەرگەو سوپای عیراق، موسڵ و حەویجەو ناوچەکانی تر ئازاد بکرێ، لەھەمانکاتدا، بەپێویستیزانی بەشداری ھێزی پێشمەرگە لەم شەڕە چارەنوسسازانەدا، بەپێی بەرنامەیەکی سیاسی و ئیداریی و خزمەتگوزاری دوای رزگارکردنی ناوچەکان، دوور لەھەر چەشنە فشارێکی نابەجێ بەرامبەر دانیشتوانی رەسەنی ناوچەکان بێ. بەتایبەتی ئەگەری قوڵکردنی کێشەی نێوان شیعەو سوننە، لەئارادایە! ھەروەھا مەترسی پێشێلکاری زیاتر بەرامبەر مەسیحی و ئێزدی و شەبەک و تورکمان، نادیدە ناگیرێ.

ھەلومەرجێکی گونجاویشە، دوای سەردانی وەفدی باڵای ھەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی بەڕێز مەسعود بارزانی بۆ بەغداد، وەفدی باڵای حکومەتی ھەرێم، بەپرۆژەی نوێی دانوستاندن، بگەنە بەغدادو گفتوگۆیەکی بەرپرسانە لەھەرێم و بەغداد بۆ چارەسەری راستەقینەی کێشەکان بکرێ. لەپێشەوەدا چارەسەری بودجەو موچە، ئینجا کەیسی نەوت و گاز. بەمەرجێ مافی ئابوری گەلەکەمان، بھێنرێتەدی.

پەیوەست بەم کەیسە، کۆبوونەوە، بۆ زانینیی سەرجەم راستییەکان لەسەر قەیرانی دارایی و نەوت و داھات و سەرفەکەی.. ھەروەھا بۆ ساغکردنەوەی ئەو پڕوپاگەندانەی لەسەر ھەناردەکردنی کاروانی تەنکەری نەوتی کەرکوک و پاڵاوگەکانی دیکە، بۆ بەغداد، تورکیاو ئێران و ھەر داھاتێکی ناشەرعی (ئەگەر لەئارادابێ)، لیژنەی پێکھێنراوی پێشوی یەکێتیی راسپێردرا، دوا توانای خۆی لەم بارەیەوە بخاتەکار، بۆ ئەوەی راستییەکان و پڕوپاگەندەکان، یەکاڵا بکرێنەوە و رای گشتیش لەسەر وردەکارییەکان، ئاگادار بکرێت.

جەماوەری دڵسۆزی کوردستان!

سەرکردایەتی یەکێتیی، لەکۆبوونەوەکەدا جەختیکردەوە، کە ھێزی پێشمەرگەو قوربانییەکانی بونەتە مایەی شانازی گەورەی نەتەوەی کوردو ئازادیخواز و پشتیوانەکانمان. ھاوکاری عەسکەری لەلایەن وڵاتە دۆستەکانی ھاوپەیمانی ستراتیژی دژی داعش و پشتیوانانی ناوچەکەش، بۆ تێکشکاندنی تیرۆریستە رەشەکوژو ئەقڵ کوژەکان، بەڵگەی بەردەوامی دۆستایەتی گەلەکەمان و حکومەتی ھەرێم و ھێزی پێشمەرگەن، بەڵام لەھەمانکاتدا، کارا نەکردنەوەی پەرلەمان و چارەسەرنەکردنی کێشەی نێوان لایەنە سیاسییەکان و تەنگوچەڵەمەکانی حکومەت؛ بەتایبەتی ئەنجامنەدانی گۆڕانکاری ریشەیی لەسیستەمی حوکمڕانی و ریشەکێش نەکردنی گەندەڵی و کۆتایی نەھێنان بەمشەخۆریی و چارەسەر نەکردنی ئاستەنگی موچەی فەرمانبەران و کرێکاران..تاد، ئەمانە تێکڕا، دۆستانیشمانی وەکو گەلەکەمان نیگەران کردووە. بۆیە، سەرەڕای ھەندێک چاکسازیی لەکاروباری حکومەت و بڕینی موچەی بندیوارو کەمکردنەوەی مەسرەفی حکومەت، پەسەندکردنی پرۆژەی سیستەمی ئەلیکترۆنی بانکی و ھەوڵەکانی چاکسازی؛ ھێشتا، قەیرانی ئابوریی و سیاسی و سیستەمی حوکمڕانی بەردەوامە: بودجەو موچە دابین نەکراوە؛ گۆڕانکاری لەسیستەمی حوکمڕانی زۆری ماوە؛ سیستەمی بانکی و لەبانکەکاندا ھەڵگرتنی پاشکەوتی خەڵک، زۆر لاوازە. تەنانەت ھۆیە راستەقینەکانی قەیرانی داراییش، جگە لەزۆرو زەبەندی موچەخۆر، کە زیانەکەی زەقە، بەڵام ھۆکارە کەڵەکەکراوەکانی کابینەکانی پێشووش لەم قەیرانەو لەم گەندەڵی و مشەخۆرییە، ھێشتا لای رای گشتی، تەنانەت لای پسپۆرانی دارایش، نادیارن. کە بەداخەوە، رای گشتی، تەنھا حکومەتی ئێستای خستۆتە ژێر باری کێشەکان!!

یەکێتی، وەکو ھەمیشە، چ لەڕێگەی نوێنەرەکانی لەحکومەتداو چ لەڕێی سەنگی سیاسی خۆیەوە، لەلایەکەوە ئەوپەڕی پەرۆشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچەو تەنگوچەڵەمەکان و پشتیوانی خەباتی پیشەیی- مەدەنیانەی خەڵکە. لەھەمانکاتیشدا، پەرۆشە حکومەتی کوردستان، بەرنامەیەکی چاکسازیی ھاوچەرخی، لەم قۆناغەدا ھەبێ و سەرکەوتووش بێ و بۆ سەرکەوتنیشی، لەبەر ھیچ فشارێکی لاوەکی، سیاسەتی مێژوویی یەکێتیی لەراپەڕاندنی ئەرکە نەتەوەیی و دیموکراسییەکانی بەرامبەر خەڵک و نیشتمان، ناداتە دەست قەدەری ھەڵچون و داچوون. یان لەکاتی قەیران و کێشەدا، لەبەرپرسیارێتی دوور بکەوێتەوە. یەکێتیی و یەکێتییەکان، لەکاتی تەنگانەو تەنگوچەڵەمەدا، سەنگەر و مەیدان چۆڵ ناکەن.

لەم بارەیەوە، سیاسەتی یەکێتیی لەپارێزگاکانی ھەرێم، تایبەت لەسلێمانی و پایتەختی کوردستان، ئینجا لە کەرکوک، خانەقین، شەنگال و باقی ناوچەکانی دەرەوەی ھەرێم، ھەمیشە رون بووەو لێکدانەوەی پڕ لەکاردانەوەی ئەملاوئەولا، بەرامبەر سیاسەتی یەکێتی، پڕوپاگەندەی کاتییەو ھیچی دیکە.

ھەڤاڵانی یەکێتیی!

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوە، کە بەوپەڕی ھەست بە بەرپرسیارێتی لەناو ھەڤاڵاندا باسکرا، کێشەکانی ناو یەکێتییە. دوور لەوەی بچینە ناو وردەکاری دەسەڵاتەکانی پەیڕەوی ناوخۆ، کە لەم بارەوە دەقی دەسەڵاتەکان و ماوەی جێبەجێکردنیان رۆشنە، کۆبونەوە جەختیکردەوە، کە:

دەرگای دیالۆگی ھەڤاڵانە، بۆ چارەسەری کێشەی ھەڤاڵانمان، کراوەیە. بەدڵنیاییەوە، چی توانامان مابێ، دەیخەینەکار بۆ کۆتاییھێنانی کێشەکان و بوژاندنەوەی متمانەو خستنەوەگەڕی پۆست و ئۆرگانەکان. لەبەڕێز جێگری سکرتێری گشتییەوە، تا ھەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ئۆرگانەکانی دیکە.

لەبەر بەرژەوەندی یەکێتیش، بڕیاردرا، تەنانەت وەڵامی سەرجەم ئاخاوتن و رونکردنەوەو رەخنەکانیش لەمەڕ کێشە ناوخۆییەکان و چۆنییەتی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، نەدرێتەوە.

بڕگەی بەستنی کۆنگرەش، کە ھەستیارەو گەلێ کاتی بەسەرچووە، دیسان دواخرا بۆ دوای سەرەنجامی ھەوڵەکان بۆ چارەسەری کێشەکانی ھەڤاڵانی ناو یەکێتیی.

لەکۆتاییشدا.. کۆبوونەوە بڕیاریدا، لەمەودوا، مانگی (٣)جار کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی ئەنجامبدرێ. لەکاتی خۆشیدا، دوو مانگ جارێ ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆدەبێتەوە. کۆبوونەوەی ئاییندەی سەرکردایەتیش، لەدوای ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان، کە ئومێدەوارین لەم بارەوە سەرکەوتووبین، لەھەفتەیەک بۆ دوو ھەفتەی تر، بڕیاردرا بە سەرپەرشتی بەڕێز جێگری سکرتێری گشتی ھەڤاڵ کۆسرەت رەسوڵ، ئەنجامبدرێ.

بۆ ئەوەی کۆبونەوەکانیش، لەڕاپەڕاندنی ئەرکە حزبییەکانیاندا سەرکەوتووبن، بڕیارە، ئۆرگانەکانی یەکێتیی کارا بکرێنەوە، سەرپەرشتی بکرێن، چالاکی بنوێنن. دوا تواناش بۆ چارەسەری کێشەی دارایی ھەڤاڵ و ئۆرگانەکانی یەکێتیی، بەپێی پرۆژەیەکی نوێ، بخرێتە کار.

ئیتر بۆ پێشەوە بەرەو

-پاراستنی یەکێتیی ناو یەکێتیی

-چارەسەرکردنی کێشەی بودجەو موچەی کوردستان و خەڵک

-تێکشکاندنی داعش.. لەڕوی عەسکەریی و کۆمەڵایەتییەوە

-خۆ سازدان بۆ چوارەمین کۆنگرە

ئەنجومەنی سەرکردایەتی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

(١٥)ی تشرینی یەکەمی (٢٠١٦)