خۆپێشاندانی مامۆستا و فەرمانبەران لە سلێمانی بەردەوامە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھاتووچۆی سلێمانی بایكۆتی دەوام دەكات

K124 – سلێمانی

دالیا كەمال پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "ئەمڕۆ جارێكی دیكە مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی دەستیان بە خۆپێشاندان كردەوە، وەك پێشتر رایانگەیاندبوو تا داواكانیان جێبەجێ دەكرێن بەردەوام دەبن لە خۆپێشاندان و بایكۆتكردنی دەوام".

یەكێك لە ئەندامانی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی بە كوردستان24 گوت: "ئەگەر حكوومەتی ھەرێم وەڵامانەداتەوە و داواكانمان جێبەجێ نەكات، پەنا دەبەینە بەر حكوومەتی بەغدا و لەگەڵ چین و توێژەكانی دیكە و یەكێتی مامۆستایان دەڕۆینە بەغدا و داواكانمان پێشكەشی حكوومەتی بەغدا دەكەین".

ئەو مامۆستایە ئاشكراشی كرد: "حكوومەت و بەرپرسانی بەغدا ئامادەن گوێمان لێ بگرن و ئەوەی بە ئەوان بكرێت بۆمان جێبەجێ بكەن".

 

لە لایەكی دیكە و ھەر لەشاری سلێمانی كاروان رەحمان پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "ئەمڕۆ كارمەندانی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی ھاتووچۆی سلێمانی بایكۆتی دەوامیان كردووە، دەرگای بەڕێوەبەرایەتییەكەیان داخست و ھیچ مامەڵەیەكی ھاووڵاتیان ناڕوات، ھەروەھا زۆر لە فولكە و شەقامەكانی پارێزگای سلێمانی چۆڵكراون".

كارمەندێكی پۆلیسی ھاتووچۆی سلێمانی بۆ كوردستان24 گوتی: "دوو ئامانجمان لە بایكۆتكردنی دەوام ھەیە، یەكەمیان سیستمی پاشەكەوتی مووچە نەمێنێ، دووەم مووچەی مانگانەی ئێمە لە دوای وەزارەتی ناوخۆ دابەش بكرێت كە پێشتر بڕیاری لەسەردرابوو، جگە لەوەش جیاوازكراوە لە سیستمی مووچە و پاشەكەوت".