بارزانی و عەبادی كاتژمێر سفری ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵیان دیاركرد
دوای پەیوەندیی تەلەفۆنی نێوان بارزانی و عەبادی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستیپێكرد
K24 – ھەولێر
پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵ، شەوی رابردوو لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوانیاندا مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كاتژمێر سفری ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵیان دیاركرد.
ماڵپەڕی فەرمی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە: "كاتژمێر دوازدەی شەوی 16ـی لەسەر 17ـی ئۆكتۆبەری 2016 لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی نێوان بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ تاوتوێ كرا".
ئاماژەش بۆ ئەوەكراوە: "جەخت لە هەماهەنگیی تەواوی نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراقی كرایەوە، هەروەها كاتژمێر سفری دەستپێكی ئۆپەراسیۆن دیاریكرا".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستیپێكرد، بە گوتەی فەرماندە سەربازییەكان پێشمەرگە ئەو پلانەی جێبەجێكردووە دارێژرابوو، ئەوەش خراوەتەڕوو پێشمەرگە بەر لەوادەی دیاریكرا و سەرجەم ئەو گوند و ناوچانەی رزگاركردنەوە كە لە پلانەكەدا دیاركرابوون.