راگه‌يه‌ندراوێك له‌ فه‌رمانده‌يى گشتيى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى كوردستانه‌وه‌

ورده‌كارى ئۆپراسيۆنى ئه‌مڕۆى هێزى پێشمه‌رگه‌ى راگه‌ياند

K24 – هه‌ولێر:

فه‌رمانده‌يى گشتيى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا كه‌ وێنه‌يه‌كى بۆ كوردستان 24 نێردراوه‌, ورده‌كارى ئۆپراسيۆنى ئه‌مڕۆى هێزى پێشمه‌رگه‌ى راگه‌ياند و تێيدا روونيكردووه‌ته‌وه‌, كه‌ هه‌موو ئامانجه‌كانى ئۆپراسيۆنه‌كه‌ به‌ديهێنراوون.

ده‌قى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌:

فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان

17ی ئوکتۆبەری 2016 

کاتژمێر 8ی ئێوارەی رۆژی 17ی ئوکتۆبەری 2016 هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەی خازر لە رۆژهەڵاتی موسڵ ئامانجە سەرەکییەکانیان بەدی هێنا، کە لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا توانرا 9 گوند و پانتاییەکی فراوانی رێگای سەرەکی هەولێر – موسڵ بە رووبەری نزیکەی 200 کیلۆمەتر چوارگۆشە کۆنترۆڵ بکرێتەوە. گوندەکانیش بریتین لە: باسەخڕە، تەرجەلە، خرابە سوڵتان، کەبەرلی، بازگردان، شاقۆڵی، بەدەنەی بچووک، بەدەنەی گەورەو شێخ ئەمیر هەروەها کارگەی کاشی لە رۆژئاوای حەسەن شام.

ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژهەڵات و باشووری موسڵ بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سوپای عێراقی ئەنجام دران، بە ئامانجی وەدەرنانی تیرۆریستانی (داعش) لە پارێزگای نەینەوا. هەروەها وەک پاڵپشتییەک بۆ هێزەکانی پیشمەرگە، فرۆکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی 17 پێگەی داعشیان لە ناوچەکە بوردمان کرد.

لە ئۆپەراسیۆنەکەدا چوار ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوی داعش تێکشکێنران، تیمەکانی پووچەڵکردنەوەی مینیش لە پاککردنەوەی ناوچە بەمینچێنراوەکان بەردەوام دەبن.

بە لای کەمەوە 60 دەزگای میدیایی ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانی شانبەشانی هێزەکانی پێشمەرگە رووماڵی شەڕەکەیان دەکرد.

دەتوانن وێنەکان لە ئەکاونتی تویتەر بەم ناونیشانە (@GCPFKurdistan) دەست بخەن، بە بەکارهێنانی هاشتاکی #FreeMosul