عه‌بادی: ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت

به‌ ره‌زامه‌ندی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هێزه‌كانی عێراقی چوونه‌ ناوچه‌كانی هه‌رێم

K24 – هه‌ولێر

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق حه‌یده‌ر عه‌بادی رایگه‌یاند ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ به‌ خێراییه‌كی زۆرتر له‌وه‌ی بیرمان لێ ده‌كرده‌وه و هه‌روه‌ها خێراتر له‌و پلانه‌ی بۆی دانراوه‌ به‌ڕێوه ده‌چێت.

عه‌بادی به‌ ڤیدیۆ كۆنفرانسێك به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌ی پاریس بۆ تاوتوێكردنی ئاینده‌ی موسڵی كرد و رایگه‌یاند له‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی موسڵ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كراوه، به‌ ره‌زامه‌ندی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هێزه‌كانی عێراقی چوونه‌ ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان‌ و به‌ره‌و سه‌نته‌ری موسڵ پێشره‌وی ده‌كه‌ن و هه‌روه‌ها رێره‌وێكی ئەمنی بۆ دانیشتوانی شاره‌كه‌ ده‌كرێته‌وه‌

گوتیشی هێزه‌كانی بیانی له‌ ئۆپه‌راسیۆنی موسڵی رۆڵێكی یارمه‌تیده‌ر ده‌گێڕن و هێزی شه‌ڕكه‌ر نین.

هه‌ر له‌م كۆبوونه‌وه‌دا فرانسوا ئۆلاند سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند به‌ڵگه‌یان هه‌یه‌ كه‌ چه‌كدارانی داعش به‌ره‌و شاری ره‌قه‌ی سوریا را ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ی پێویسته‌ ئه‌نجام ده‌درێت بۆ پێشیگرتن به‌ دووباره‌ خۆ رێكخستنه‌وه‌یان.