داعش دژه هێرشه‌كانی زیاتر كردووه
K24 – ھەولێر
هاوكات له‌گه‌ڵ به‌ڕیوه‌چوونی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی موسڵ و پێشڕه‌وی هێزه‌كانی پیشمه‌رگه و عێراقی له ناوچه‌كانی باكوور، رۆژهه‌ڵات و باشووری موسڵ، چه‌كدارانی داعش له شوێنه‌كانی دیكه ده‌ستیان به هێرش كردووه.
پاش ئه‌وه‌ی هێرشی رۆژی هه‌ینی رابردووی چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر كه‌ركوك شكستی هێنا، هێرشی كرده سه‌ر قه‌زای روتبه له پارێزگای ئه‌نبار و قه‌زای شنگال و ئاسكی موسڵ.
له هیرشی چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر قه‌زای روتبه 15 پۆلیس كوژران. یه‌كه‌ی پۆلیسی فیدراڵ به پشتیوانی هێزه خۆجێیه‌كان گه‌یشته شوێنه‌كه و هێرشی داعشیان تێك شكاند و 16 چه‌كداریشیان كوشت.
ھێرشی ئەمڕۆ دووشەممەی چه‌كدارانی داعش لە ناوچه‌كانی جهداله و دومیز بۆ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه له رۆژئاوای شنگال به كوژرانی نزیكەی 30 چەكدار تێكشكێنرا و نۆ ئۆتۆمبێلی زرێپۆشیشیان تێك‌شكێنران.
ھەر ئەمڕۆ دووشەممە هێرشی داعش بۆ سه‌ر ئاسکی موسل بە چوار خۆکوژ ئه‌نجامدرا، سێیانیان لە لایەن هێزه‌كانی پێشمەرگە کوژران. ئەوەی دیكەشی خۆی لە نزیک خەڵکی سڤیلی ئاسكی موسڵ تەقاندەوە، بە ھۆیەوە دوو ھاووڵاتی برینداربوون.
له هه‌فته‌ی یه‌كه‌می ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ 80 گوند و ناحیه و شارۆچكه‌ی ژێر كۆنترۆڵی داعش رزگاركراون.
زیاتر لە 30 هه‌زار لە ھێزەكانی پێشمەرگە و عێراقی به هاوكاری هێزی تایبه‌تی ئه‌مریكا و به‌شداری هه‌وایی ئه‌مریكا، فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا به‌شداری ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ بوونه و پێشبینی ده‌كرێت 5000 بۆ 6000 چه‌كداری داعش له‌ناو شاری موسڵ و ده‌وروبه‌ری هه‌بن.
سوپای عێراق رایگه‌یاند 78 گوند و شارۆچكه كۆنترۆڵ كراوە، له وه‌ته‌ی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ له رۆژی 17 تشرینی یه‌كه‌م ده‌ستیپێكردووه .
زیاتر له 770 چه‌كداری داعش كوژراون و 23 دیكه‌شی به دیل گیراون. داعش 127 ئۆتۆمبێلی بۆمبه‌كراو له هێرشه‌كانی خۆكوژیدا به‌كارهێناوه، زۆربەی ھەرە زۆریان تێكشكێنراون و ئەوانەی دیكەشیان خۆیان تەقاندووەتەوە.