توركيا: 19 ئامانجى يه‌په‌گه تێكشكێنراوون
له 24 كاتژمێرى رابردوودا ده‌يان ئامانجى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل (يه‌په‌گه) و داعشيان بۆردومان كردوون
K24 – هه‌ولێر:
سوپاى توركيا كه ماوه‌ى سێ مانگه له‌شكركێشى كردووه‌ته سه‌ر سووريا رايگه‌ياند، له 24 كاتژمێرى رابردوودا ده‌يان ئامانجى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل (يه‌په‌گه) و داعشيان بۆردومان كردوون و جوڵه‌ى هه‌ردوو رێكخراوه‌كه‌يان په‌كخستووه.
له 24ى ئاب/ ئۆگستى رابردوودا سوپاى توركيا به ياوه‌رى سوپاى سوورياى ئازاد سنوورى نێوده‌وڵه‌تى سوورياى به‌زاند و پرۆسه‌يه‌كى سه‌ربازى به ناوى قه‌ڵغانى فورات بۆ دژايه‌تيكردنى يه‌په‌گه و داعش ده‌ستپێكردووه و له يه‌كه‌م ههنگاويشدا شارى جهرابلوسى سوورياى داگيركرد.
سوپاى توركيا رايگه‌ياندووه، له 24 كاتژمێرى رابردوودا 27 ئامانجى داعش و 19 ئامانجى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل تێكشكێنراوون.
پێشتر سه‌رۆك كۆمارى توركيا ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان رايگه‌ياندبوو، هێزه‌كانيان به‌ره‌و شارۆچكه‌ى باب پێشڕه‌وى ده‌كه‌ن و رێگه ناده‌ن يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل و داعش له‌و ناوچانه بمێننه‌وه كه هاوسنوورى توركيان.
سوپاى سووريا له به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى توركيادا رايگه‌ياندووه، رێگه ناده‌ن سوپاى توركيا له‌سه‌ر خاكى سووريا بمێنێته‌وه.