ئه‌مریكا: یه‌په‌گه به‌شێكه له ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنی ره‌قه
K24 – هه‌ولێر
پاش ئه‌وه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنهوەی موسڵ به سه‌ركه‌وتووانه پلانه سه‌ره‌تاییه‌كانی جێبه‌جێكرد و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و عێراق نزیكی ده‌روازه‌كانی شاری موسڵ بوون، پلانی كۆنترۆڵكردنی شاری ره‌قه پایته‌ختی دیفاكتۆی داعش بووه رۆژه‌ڤی سیاسی و میدیای جیهانی، به‌تایبه‌تی كه پێشتر پێكهاته‌ی به‌شدارانی ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه زۆرترین مشتومڕی لێكهوتهوه.
جه‌نراڵ ستیفێن تاوندسێند له سوپای ئه‌مریكا رایگه‌یاند شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه به‌شێك ده‌بن له‌و هێزانه كه به‌شداری له شه‌ڕی ره‌قه ده‌كه‌ن.
تاونسێند له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌وڵی ئیزۆلهكردنی شاری ره‌قه ده‌دات چۆنكه نیگه‌رانه له‌وه‌ی داعش ئه‌م شاره وه‌ك بنكه‌یه‌كی به‌هێز به‌كار بهێنێت بۆ دارشتنی پلانه‌كانی بۆ ئه‌نجامدانی هێرش له ده‌ره‌وه.
ئه‌مریكا له شه‌ڕی دژی داعش وه‌ك هاوپه‌یمانێك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه ده‌كات، به‌ڵام توركیا كه هاوپه‌یمانی ئه‌مریكایه به بیانووی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه وه‌ك گروپێكی تیرۆریستی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه ده‌كات و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵ ده‌دات یه‌په‌گه به‌شداری له ئۆپه‌راسیۆنی ره‌قه نه‌كات.
هێزه‌كانی سوریای دیموكرات كه له پێكهاته جیاوازه‌كانی سوریا و رۆژئاوای كوردستان پێكهاتووه له ماوه‌كانی رابردوو به پشتگیری ئه‌مریكا چه‌ندین ناوچه‌یان له چه‌كدارانی داعش ستاند، له‌وانه شاری منبج و ناوچه‌كانی باكووری ره‌قه.
ئه‌و هێزه كه پێكهاته‌ی سه‌ره‌كییه‌كه‌ی یه‌په‌گه‌یه هاوپه‌یمانی ئه‌مریكایه له شه‌ڕی دژی داعش و له لایه‌ن واشنتۆنه‌وه یارمه‌تی سه‌ربازی و لوجستی و راهێنان دراوه و ده‌یه‌وێت له شه‌ڕی ره‌قه به‌شدارییان پێ بكات.
تاونسێند له كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا گوتی توركیا نایه‌وێت له هیچ شوێنێك ئۆپه‌راسیۆنی ئێمه له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات ببینێت، به‌تایبه‌تی له ره‌قه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ توركیا قسه ده‌كه‌ین و هه‌نگاوه بۆ به‌شداریكردنی ئه‌م هێزه ده‌گرینه‌به‌ر.
گوتیشی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات تاكه هێزه كه له هه‌ر كاتێكی نزیكدا تواناییان هه‌یه و یه‌په‌گه به‌شیكی گرنگی ئه‌و هێزه‌یه. هه‌ر بۆیه به‌م زووانه له‌گه‌ڵ ئه‌م هێزه هه‌نگاو ده‌نێین بۆ رویشتن به‌ره‌و شاری ره‌قه.