هێزه‌كانی سوریای دیموكرات: توركیا له‌ شه‌ڕی ره‌قه‌ هیچ رۆڵێكی نابێت

K24 – هه‌ولێر

هێزه‌كانی سوریای دیموكرات رۆڵی توركیا له‌ ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵ كردنی ره‌قه‌ ره‌ت ده‌كاتەوە كه‌ بڕیاره‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌مریكا و به‌شداری ئەم هێزه‌ به‌ڕێوه‌ بچێت.

گوته‌بێژی هێزه‌كانی سوریا دیموكرات، ته‌لال سیلۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی رایگه‌یاند: "هێزه‌كانی سوریای دیموكرات تاكه‌ هێزن به‌شداری له‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی شاری ره‌قه‌ ده‌كه‌ن و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكامان ئاگادار كردۆته‌وه‌ كه‌ هه‌ر جۆره‌ رۆڵی توركیا له‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی ره‌قه‌ ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌".

كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له‌ شاری حه‌سه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانی ئه‌مریكا بۆ ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنی ره‌قه‌.

ئاشتۆن كارتێر وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا رۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی داواكاری توركیا بۆ پاشخستی شه‌ڕی ره‌قه‌ ره‌تكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند به‌پێی ئه‌و پلانه‌ی كه‌ دانراوه‌، شه‌ڕی ره‌قه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

پێشتریش فه‌رمانده‌یه‌كی سوپای ئه‌مریكا رایگه‌یاند هێزه‌كانی سوریای دیموكرات تاكه‌ هێزه‌ ده‌توانێ له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا به‌شداری له‌ ئۆپه‌راسیۆنی ره‌قه‌دا بكات.

توركیا داوای كردووه ده‌ستپێكردنی‌ ئۆپه‌راسیۆنی ره‌قه‌ تا كۆتاییهاتنی شه‌ڕی موسڵ و ته‌واوبوونی ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ڵغانی فورات دوا بخریت.