ناوی "بكوژانی عه‌ره‌فات" ئاشكرا ده‌كرێت
دوای 12 ساڵ له مردنی
K24 - هه‌ولێر:
سه‌رچاوه میدیاییه فه‌له‌ستینییه‌كان بڵاوییانكرده‌وه، له كۆنگره‌ی حه‌وته‌می بزووتنه‌وه‌ی فه‌تح، كه بڕیاره مانگی داهاتوو ببه‌سترێت، ناوی بكوژانی یاسر عه‌ره‌فات، سه‌رۆكی پێشووی فه‌له‌ستین ئاشكرا ده‌كرێت.
سایتی ئاژانسی "سه‌ما ئهلخهبهریه"ی فه‌له‌ستینی، له زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس بڵاویكرده‌وه "به‌رپرسێكی نزیك له ده‌سه‌ڵاتداران له رامه‌ڵڵا، جه‌ختیكردووه‌ته‌وه، ئاشكراكردنی ئه‌و ناوانه ده‌بێته سهرپرایزێك بۆ جه‌ماوه‌ری فه‌له‌ستینی و ئێستاش ئه‌و دۆسیه‌یه ته‌واوبووه".
سه‌رچاوه‌كه روونیشیكرده‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش فه‌له‌ستین ده‌بێته به‌شێك له پۆلیسی ئینته‌رپۆلی نێوده‌وڵه‌تی و به فه‌رمی داوا له ئاژانسه نێوده‌وڵه‌تییه ده‌كات، ئه‌و كه‌سانه راده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی فه‌له‌ستین بكاته‌وه.
یاسر عه‌رفات كه‌سایه‌تی سیاسی فه‌له‌ستینی، رۆژی 24ی ئاب/ ئۆگستۆسی 1929 له قاهیره له‌دایكبووه، ناوی ته‌واویشی محه‌مه‌د عه‌بدولره‌ئووف عه‌ره‌فات قدوه حوسێنی- یه.
له ساڵی 1969 پۆستی سه‌رۆكی رێكخراوی ئازادیخوازانی فه‌له‌ستینی وه‌رگرت، كه سێیه‌م كه‌س بوو ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێت، دواجار له ساڵی 1996 به سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتداری نیشتمانی فه‌له‌ستیی هه‌ڵبژێردرا.
یاسر عه‌ره‌فات، له 11ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2004، دوای گه‌مارۆدانی ماڵه‌كه‌ی له‌لایه‌ن سوپای ئیسرائیل، له ته‌مه‌نی 75 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، هه‌رچه‌نده پزیشكان رایانگه‌یاند به‌هۆی نه‌خۆشی جگه‌ر كۆچی دواییكرد، به‌ڵام توێكاری بۆ ته‌رمه‌كه‌ی نه‌كرا و كه‌سه نزیكه‌كانیشی گومانی خۆیان له مردنی یاسر عه‌ره‌فات راگه‌یاند.