یەپەژە: ھەزاران ژن لە رەققە لە ژێر دەستی داعشدان
"دەمانەوێت ژنان ئازاد بكەین"
K24 - ھەولێر
نەسرین عەبدوڵڵا، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) رایگەیاند، بە ھەزاران ژن و منداڵ لە رەققە لە ژێر دەستەڵاتی داعشدا چاوەڕێی رزگاركردنی ناوچەكە دەكەن، ئێمە ژنانی رەققە لە دەستی داعش ئازاد دەكەین، بەری ھەر شتێك ئێمە ئەركی مرۆڤایەتی جێبەجێ دەكەین و لە ھەمانكات بەرپرسیاریەتی نەتەوەیشمان لەسەر شانە، بۆیە تا داعش مابێت لە دژی تێدەكۆشین.
فەرماندەی یەپەژە ئاماژە بەوە دەكات چەندین ھێز بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی رەققە دەكەن، یەپەژەش یەكێكە لەو ھێزانە وەك ھەموو ئۆپەراسیۆنەكانی دیكە رۆڵی گرنگمان دەبێت.

نەسرین عەبدوڵڵا بۆ میدیاكانی پەیەدە باسی لەوەشكردووە، رەققە كە بە پایتەختی داعش ناسراوە كۆمەڵكوژی دژی ژنان ئەنجامدراوە و گەلێك ژن بونەتە قوربانی، لەبەر ئەوە ئێمە ئەركی خۆمان لەم ئۆپەراسیۆنە بۆ ئازادكردنی ژنانی رەققە بە پیرۆز دەزانین.
لە 6 ئەم مانگەدا ھێزەکانی سوریای دیموکرات ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رەققەی بەناوی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات راگەیاند و ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ سەرپەرشتی کردنی شەڕەکە پێکھێنراوە.