شەڕڤانان 14 كیلۆمەتر بەرەو رەققە پێشڕەوی دەكەن
43 چەكداری داعش كوژراون
K24 - ھەولێر
گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رەققە بەردەوامە و شەڕڤانان 14 كیلۆمەتر پێشڕەویان كردووە.
جیھان ئەحمەد گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنی رەققە ئاماری چوار رۆژی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی رەققەی راگەیاند و گوتی: "لە ماوەی چوار رۆژدا شەڕڤانان 14 كیلۆمەتر پێشڕەویان كردووە و 43 چەكداری داعش كوژراون".
ئەوەشی خستەڕوو: "ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات لە سلوک و عەین عیساوە دەستی پێکردوە و شەڕڤانان لە پێشڕەویدان".

گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنی تورەیی فورات ئاشكرای كرد: "لە سەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە حەوت ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو تەقێنراونەتەوە و دوو چەكداری داعش كە خۆیان بۆمڕێژ کردبوو، پێش ئەوەی بگەنە ناو شەڕڤانان تەقێنراونەتەوە، ھەروەھا رێژەیەکی زۆری چەک و تەقەمەنی کەوتوەتە دەست شەڕڤانان".
ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری رەققە بەناوی توڕەیی فورات لە 6 ئەم مانگەدا راگەیاندرا، ھەر یەك لە ھێزەكانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ھێزەکانی سوریای دیموکرات، یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) و چەندین گروپ و لیوای سەربازی دیكە بەشدارن لە ئۆپەراسیۆنەكە.