ژمارەیەك لە مامۆستایانی گەرمیان بەردەوامن لە بایكۆت
ھەندێك لە مامۆستایان بایكۆتیان شكاند و دەرگای قوتابخانەكان كرایەوە
K24 – گەرمیان
ھەرێم جاف پەیامنێری كوردستان24 لە گەرمیان رایگەیاند: "ئەمڕۆ ژمارەیەك لە مامۆستایانی گەرمیان بایكۆتیان شكاند و دەرگای قوتابخانەكانیان كردەوە، لەبەرامبەریشدا ھەندێك مامۆستای دیكە بەردەوامن لە بایكۆت و جارێكی دیكە بە گوتنەوەی دروشم دژی سیستمی پاشەكەوتی مووچە ھاتنەوە سەرشەقامەكان".
یەكێك لەمامۆستایانی بەشداربوو لە خۆپێشاندانەكانی گەرمیان بە كوردستان24 گوت: "ئێمەش منداڵمان قوتابین و پێمان خۆشە دەوام دەست پێبكاتەوە، بەڵام تا سیستمی پاشكەوت بمێنێ ئامادەنین بچینەوە ھۆڵەكانی خوێندن".
ئەمە لە كاتێكدایە بڕیاربوو ئەمڕۆ پڕۆسەی خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە دەست پێبكاتەوە.