لە رەققە چەند ناوچەیەكی دیكە كۆنتڕۆڵكرانەوە
K24 - ھەولێر
لە ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی رەققە 2 گوندی دیكە و چەند ناوچەیەكی كشتوكاڵی لە دەستی داعش رزگاركران.
بە گوێرەی زانیاری میدیای ھێزەكانی سووریای دیموكرات، شەڕڤانانی لە ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات 2 گوند و 3 كێڵگەی كشتوكاڵیان لە میحوەری عەین عیسا كۆنتڕۆڵكردوەتەوە.
فەرماندەكانی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی رەققە ئەوەشیان ئاشكرا كردووە، لە باشووری رۆژھەڵاتی عەین عیسا 7 كیلۆمەتر پێشڕەویان كردووە.
ئەوەشیان خستوەتەڕوو، وەك ھەمیشە چەكدارانی داعش دەیانەوێت لە رێگەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو رێگری لە پێشڕەوییەكان بكەن، بەڵام شەڕڤانان بەردەوامن لە پێشڕەوی كردن و چەند ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراویان تەقاندەوە.
ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی رەققە و دەوروبەری لە 5 ئەم مانگە دەسیپێكرد، تا ئێستا چەند ناوچەیەك لە دەوروبەری رەققە لە دەستی داعش رزگاركراون.