توركيا: ژماره‌يه‌ك پێگه‌ى يه‌په‌گه و داعش بۆردومانكراوون
سوپاى توركيا رايگه‌ياند، له ناوچه‌ى بابى باكوورى سووريا 15 ئامانجى دياريكراويان بۆردومانكردوون.
K24 – هه‌ولێر:
سوپاى توركيا رايگه‌ياند، له ناوچه‌ى بابى باكوورى سووريا 15 ئامانجى دياريكراويان بۆردومانكردوون.
توركيا ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو، ئامانج له‌و بۆردومانه لێدانى بنكه و باره‌گاكانى داعش بووه له ناوچه‌كه‌دا.
پێشتر سه‌رۆكى توركيا ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان رايگه‌ياندبوو، ئامانجى هێرشه‌كه ده‌ستگرتن بووه به‌سه‌ر شارۆچكه‌ى ئه‌لباب دا كه ده‌كه‌وێته دوورى 30 كيلۆمه‌تر له باشوورى سنوورى توركيا.
له دواى رزگاركردنى منبج، هێزه كوردييه‌كان ويستيان به‌ره‌و ناوچه‌ى ئه‌لباب پێشڕه‌وى بكه‌ن و شارۆچكه‌كه رزگار بكه‌ن، به‌ڵام توركيا به توندى دژى ئه‌و پلانه سه‌ربازييه وه‌ستايه‌وه.
به رزگاركردنى ناوچه‌ى ئه‌لباب، رێگه‌ى په‌يوه‌ندى نێوان ره‌ققه‌ى پايته‌ختى داعش و سنووره‌كانى توركيا ده‌پچڕێت.
سوپاى توركيا رايگه‌ياندووه، توانيويانه ژماره‌يه‌ك كۆگاى تايبه‌تى داعش له‌و ناوچانه بكه‌نه ئامانج.
دوێنێش به هۆى بۆردومانكردنى فڕۆكه‌وه ژماره‌يه‌ك كه‌س له ده‌روازه سنوورييه‌كانى نێوان سووريا و توركيا گيانيان له‌ده‌ستدا و ده‌يانى ديكه بريندار بوون.
توركيا له 24ى ئاب/ ئۆگستى رابردووه‌وه پرۆسه‌يه‌كى سه‌ربازى فراوانى به به‌شدارى تانك و زرێپۆش بۆ سه‌ر سووريا ده‌ستپێكردووه و تا ئێستا 1620 كيلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ى خاكى سوورياى خستووه‌ته ژێر ده‌سه‌ڵاتى خۆيه‌وه.
به گوێره‌ى به‌ياننامه‌كه‌ى سوپاى توركيا، ئامانجێكى ديكه‌ى سه‌ره‌كى بۆردومانهكانيان، له‌ناوبردنى يه‌كه و باره‌گاى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل بووه، كه ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه شه‌ڕى داعش ده‌كات و يه‌كه‌م هێزى زه‌مينى بوو توانى داعش تێكبشكێنێت.
ئاژانسى رۆيته‌رز نووسيويه‌تى: يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل هاوپه‌يمانى ئه‌مريكان له شه‌ڕى دژ به داعشدا.
ئه‌نقه‌ره ئيدانه‌ى يه‌كينه‌كان ده‌كات و ده‌ڵێت ئه‌وان سه‌ر به پارتى كرێكارانى كوردستانن.