ئه‌مریكا: هێزەكانی یه‌په‌گه بۆ رۆژهه‌ڵاتی فورات كشاونەتەوە
یه‌په‌گه كشانەوەی ھێزەكانی رادەگەیەنێت
K24 – هه‌ولێر
برێت مه‌كگورك نوێنه‌ری تایبه‌تی ئۆباما له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌ی بۆ شه‌ری دژی داعش رایگه‌یاند ته‌واوی هێزه‌كانی یه‌په‌گه له منبج بۆ رۆژهه‌ڵاتی فورات كشاونه‌ته‌وه.
مه‌كگورك له ئه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تویته‌ر نووسیوه: "ته‌واوی هێزه‌كانی یه‌په‌گه منبجیان به‌جێ هێشتووه و بۆ رۆژهه‌ڵاتی فورات گه‌ڕاونه‌ته‌وه، پاش ئه‌وه‌ی راهێنانی هێزه لۆكالییه‌كان ته‌واو بوو بۆ پاراستنی ئاسایشی پاش داعش".
له كۆمێتێكی دیكه‌دا ده‌ڵێت: "هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له رۆژهه‌ڵاتی فورات به‌رده‌وامن له پێشڕه‌وییه‌كانیان بۆ ئیزۆلهكردنی شاری ره‌قه‌ی فه‌رمانده‌یی داعش، له كاتێكدا كه هێزه‌كانی عێراق زیاتر چوونه‌ته ناو قووڵایی گه‌ڕه‌كه‌كانی موسڵ".
لێدوانی مه‌كگورك پاش ئه‌وه دێت كه یه‌په‌گه له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند هێزه‌كانی له شاری منبج كشاندووه‌ته‌وه، پاش ئه‌وه‌ی شاره‌كه‌یان له چه‌كدارانی داعش رزگار كرد و ئێستا له رۆژهه‌ڵاتی فورات جێگیر كراون.