ئه‌مریكا دژی هێرشی توركیایه‌ بۆ سه‌ر ناحیه‌ی باب له‌ رۆژئاوای كوردستان

K24 – هه‌ولێر

گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی رایگه‌یاند پشتگیری توركیا ناكه‌ین كه‌ له‌گه‌ڵ گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی سوریای نزیك له‌ خۆی هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر شاری باب له‌ باكووری سوریا.

هێزه‌كانی توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانی نزیكی ناحیه‌ی باب بوونه‌، له‌ كاتێكدا له‌ لایه‌ن هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ هیچ یارمه‌تییه‌ك نادرێن و توركیا به‌ بڕیاری خۆی ئه‌و هێرشه‌ی ئه‌نجامداوه‌، هه‌ر وه‌ك جۆن دوریان گوتی توركه‌كان له‌سه‌ر ئاستی خۆیان ئه‌و بڕیاره‌یان داوه‌.

به‌پێی هه‌واڵیكی فرانس پرێس، دوریان گوتی ئه‌مریكا هێزه‌ تایبه‌تییه‌كانی كشاندووه‌ته‌وه‌ كه‌ پێشتر بۆ یارمه‌تیدانی هێزه‌كانی توركی و هاوپه‌یمانه‌كانی بڵاوه‌یان پێكردبوو.

ئه‌مریكا به‌پێچه‌وانه‌ی توركیا، گرنگی به‌ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات ده‌دات، به‌تایبه‌تی كه‌ به‌ره‌و شاری ره‌ققه‌ی پایته‌ختی دیفاكتۆی داعش پێشڕه‌وی ده‌كه‌ن.

گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌روه‌ها گوتی دانوستانی دیپلۆماسی نێوان توركیا و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی پێویسته‌ بگاته‌ رێككه‌وتننێك له‌باره‌ی رۆڵی ئاینده‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات و پێشیگرتن به‌ پێكدادان نێوان ئه‌م هێزه و هێزه‌كانی توركیا.