ئیلھام ئەحمەد: رزگاركردنی رەققە ئامانجی سیاسیی ئەرێنی دەبێت

K24 – ھەولێر

ئیلھام ئەحمەد ھاوسەرۆكی ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات رایگەیاند، رزگاركردنی رەققە ھەندێك ئامانجی سیاسیی ئەرێنی دەبێت، لەبارەی ئاڵۆزییەكانی جەرابلوس و ھاتنی سوپای توركیا دەڵێ: "خەڵەتاندنێکی گەورە لەئارادایە، تورکیا، رووسیا و رژێمی بەعس پێیانوایە بە داگیرکردنی باب سیستمی فیدراڵی لەناودەبەن".

ئەو گوتانەی ھاوسەرۆكی ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات كە لەمیانی گفتوگۆیەكدا لە میدیاكانی پەیەدە بڵاوكراوەتەوە دەشڵێت: "ئێستا لە سووریا شەڕی جیھانی سێیەم روودەدات، بەڵام ئەگەری ئەوە ھەیە کە لە دەوروبەری باب شەڕەکە قورستر ببێت، ئەو ھێزانەی پێشتر رێککەوتبوون کە دژی یەکتر شەڕ نەکەن، لەوێ رووبەڕووی یەک دەبنەوە، ئەگەر ئەو شەڕە دەستپێبکات بەم زووانە کۆتایی نایەت، ئەمە لە کاتێکدا روودەدات کە رژێم ھەموو ھەوڵێک دەدات حەلەب بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە".

ئیلھام ئەحمەد ئەوەشی خستوەتەڕوو: "ھەوڵدانی تورکیا بۆ داگیرکردنی باب زۆر جدییە، دەوترێت رێککەوتنێک پێکھاتووە، کە تورکیا باب لەدەستی چەتەکانی داعش بستێنێتەوە و رادەستی رژێمی بەعسی بکات، بەڵام خەڵەتاندنێکی گەورە لەئارادایە، تورکیا، رووسیا و رژێمی بەعس پێیانوایە بە داگیرکردنی باب سیستمی فیدراڵی لەناودەبەن، بەڵام ئەگەر فیدراڵیش پێک نەیەت، لەئەنجامدا تورکیا بەشێکی زۆری خاکی سووریای داگیرکردووە، پێویستە رژێمی بەعس بزانێت، ئێستاکە دیمەشقیش لە مەترسیدایە".

ئاشكرای دەكات: "دوای ھەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆکی ئەمریکا، دیمستۆرا داوای کرد سەرلەنوێ دانوستانەکان دەستپێبکەنەوە، ئێمە پێمانوایە دەبێ کاروباری دپلۆماسی بە ئاسانی ئەنجام بدرێت، پێشمانوایە رزگارکردنی رەققە لەبواری سیاسیەوە هەندێک دەرئەنجامی ئەرێنی لەناوچەکەدا پێکدەهێنێت".