ئۆباما له نامەی منداڵێكدا نه‌هامه‌تییه‌كانی خه‌ڵكی سوریا ده‌بینێت
منداڵێك چیرۆكی عومه‌ر ده‌قینیش به بیری ئۆباما ده‌هێنێته‌وه
K24 – هه‌ولێر
باراك ئۆباما سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان تایبه‌ت به پرسی ئاواره‌كان، نامه‌ی منداڵێك ده‌خوێنێته‌وه كه ئاماده‌یی خۆی بۆ یارمه‌تیدانی منداڵه‌كانی سوریا پیشان ده‌دات و بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژه به "عومران ده‌قنیش" ده‌كات، كه پاش ده‌رهێنانی له ژێر دار و به‌رده رووخاوه‌كانی حه‌له‌ب وێنه جه‌رگبڕه‌كه‌ی له‌سه‌ر كورسی ئه‌مبوڵانسێك دونیای هه‌ژاند.
ئه‌لێكس منداڵێكی شه‌ش ساڵه‌ی خه‌ڵكی نیویۆرك له په‌یامێكی ڤیدیۆییدا بۆ ئۆباما چیرۆكی "عومران ده‌قنیش" به بیری ده‌هێنێته‌وه ده‌ڵێت: "تكایه داوات لێ ده‌كه‌م عومران بهێنه ئێره و له‌گه‌ڵمان بژیت و پاسكیله‌كه‌می پێی ده‌ده‌م و فێری لێخورینی ده‌كه‌م و ده‌بینه برا و كاسرینی خوشكم په‌پووله‌ی بۆ كۆ ده‌كاته‌وه و ده‌توانین پێكه‌وه یاری بكه‌ین".
ئۆباما ده‌قی ئه‌و نامه‌یه وه‌ك خۆی له كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رانی جیهان بۆ تاوتوێكردنی قه‌یرانی ئاواره‌كانی خوێنده‌وه و گوتی ئه‌وه قسه‌ی منداڵێكی شه‌ش ساڵییه و ئه‌م منداڵه زۆر شتمان فێر ده‌كات. ئه‌و فێر نه‌بووه ترس و گومان له كه‌سانی تر هه‌بێت، به‌هۆی ئه‌و شوێنه‌ی له‌وێوه هاتوون، چۆن ده‌بینن و چۆن دوعا ده‌كه‌ن.
گوتیشی: "پێویسته ئیمه زیاتر وه‌ك ئه‌لێكس بین. بهێنه به‌ر چاوی خۆتان، دونیا چۆن ده‌بوو، ئه‌گه‌ر هه‌موومان وه‌ك ئه‌و بین. بهێنه به‌ر چاوی خۆتان ئه‌و ئێش و ئازاره‌ی ده‌توانین سووكی بكه‌ین و گیانی ئه‌وانه‌ی ده‌توانین رزگاریان بكه‌ین".
له به‌شێكی تری قسه‌كانیدا، ئۆباما گوتی: "گوێ له ئه‌لێكس بگرن، نامه‌كه‌ی بخوێننه‌وه، پێم وایه ئێوه تێ ده‌گه‌ن بۆ ئه‌م نامه‌یه‌م بۆ دونیا خوێنده‌وه".