چاره‌نووسی ئێزیدی و مه‌سحییه‌كان دوای نه‌مانی داعش

K24 – هه‌ولێر

ئه‌نستیوتی كورد له‌ پاریس، كۆنفرانسێك بۆ تاوتوێكردنی ره‌وشی كریستیان و ئێزیدییه‌كان دوای شه‌ڕی موسڵ له‌ كۆشكی لوكسمبۆرگ له‌ شاری پاریس رێكده‌خات.

كۆنفرانسه‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ره‌وشی هه‌ردوو پێكهاته‌ی ئاینی له‌ عێراق، به‌تایبه‌تی له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا و شاری موسڵ كه‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی موسڵ پێی ناوه‌ته‌ هه‌فته‌ی پێنجه‌م و تا ئێستا نزیكه‌ی 10 گه‌ڕه‌كیان له‌ به‌ری چه‌پی موسڵ كۆنترۆڵ كراون.

له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا، كه‌ به‌ شێوازی گفتوگۆی كراوه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، چه‌ندین كه‌سایه‌تی سیاسی و ئاینی، پسپۆرو شاره‌زا باس له‌ نه‌هامه‌تییه‌كانی پێكهاته‌ی ئێزیدی و كریستیانییه‌كان له‌دوای هاتنی داعش و هه‌روه‌ها ئاینده‌ و چاره‌نووسیان له‌ دوای داعش ده‌كه‌ن و تێروانینی خۆیان بۆ گره‌نتیكردنی داهاتووی ئه‌م دوو پێكهاته‌یه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو كه‌ جارێكی تر رووبه‌ڕووی كاره‌ساتێكی دیكه‌ نه‌بنه‌وه‌.