حەشدی شەعبی لەسەر بۆردمانكردنی شوێنی كۆبوونەوە عەبادی داوای روونكردنەوە دەكات
لە ئاسمانەوە مووشەك ئاراستە كراوە
K24 - ھەولێر
لە راگەیاندراوێكدا حەشدی شەعبی لەبارەی بۆردومانكردنی شوێنی كۆبوونەوەی حەیدەر عەبادی فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراق لە فڕۆكەخانەی تەلەعفەر دەڵێ: "ئەو مووشەكە لێزەریی بووە و لە ئاسمانەوە ئاراستە كراوە".
حەشدی شەعبی راشیگەیاند: "دوای پێكھێنانی لیژنە و لێكۆڵینەوە دەركەوتووە كە ئەو مووشەكە ھی داعش نییە، بەڵكو لە ئاسمانەوە ئاراستەی ھێزەكانمان كراوە و ئەو چادرە كراوەتە ئامانج كە عەبادی كۆبوونەوەی لەگەڵ ھێزەكان تێدا ئەنجامدا".
لە راگەیاندراوەكەی حەشدی شەعبی ھاتووە: "لەو كاتەدا فڕۆكەكانی ھاوپەیمانان لە ئاسمانەوە چاودێری ناوچەكەیان كردووە، بۆیە داوای روونكردنەوە لە ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەڵەتی دەكەین لەسەر رووداوەكە".
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو24/11/2016، دوای كۆبوونەوەی حەیدەر عەبادی فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراق لەگەڵ بەرپرسە سەربازییەكانی حەشدی شەعبی لە فڕۆكەخانەی تەلەعفەر، شوێنی كۆبوونەوەكە بۆردومانكرا و چەند چەكدارێكی حەشد برینداربوون.