ئەحمەد تورك لە زیندانەوە پەیامێك بڵاودەكاتەوە

K24 - ھەولێر

دوای دەستگیركرانی لەلایەن حكوومەتی توركیا ئەحمەد تورک، ھاوسەرۆکی شارەوانی گەورەی مێردین لە رێگەی پارێزەران پەیامێك بڵادەكاتەوە.

لە پەیامەكەیدا ئەحمەد تورك رایگەیاندووە: "تا ئێستا بەئابڕووەوە ژیاوم و لەمەودواش ئابڕووی خۆم دەپارێزم".

پارێزەران لە زاری ئەحمەد تورك  بڵاویان كردەوە لە كاتی دەستگیركردنی پۆلیسەكان بێڕێزیان پێكردووە و تۆمەتی دزینی پارەیان خستوەتە پاڵ.

ئەو پارێزەرانەی چاویان بە ئەحمەد تورك كەوتووە ئاشكرایان كردووە، سەباحەت تونجەل، ھاوسەرۆکی دەبەپە، نورسەل ئایدۆغان و نیھات ئاکدۆغان، پەرلەمانتارانی ھەدەپە و بەکر کایا، ھاوسەرۆکی شارەوانی شاری گەورەی وان لە ھەمان زیندان زیندانیكراون.

دوای دوورخستنەوەی لە پۆستی ھاوسەرۆكی شارەوانی گەورەی مێردین، رۆژی 21 ئەم مانگە ھێزە ئەمنییەكانی توركیا ئەحمەد توركیان دەستبەسەركرد و رەوانەی زیندانی سیلیڤری ئیستەنبوڵ كرا.