دەوڵەمەندێکی کورد رفێنرا
K24 – ھەولێر
کەسایەتییەکی دیار و خاوەنکاری ئێزدی لە بەغدای پایتەختی عێراق لە لایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە رفێنراوە و تا ئێستا ئازاد نەکراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان "داوود شەمۆ" کە کەسێکی دیارە لە ناو ئێزدییەکاندا و بە خاوەنکار و سەرمایەدار ناسراوە،دوێنێ پاش ئەوەی لە ناوچەی"ئالعرسات" لە ناوەڕاستی شاری بەغدای پایتەختی عێراق لەگەڵ ھاوسەرەکەی لە خواردنگەیەک ھاتوونەتە دەرەوە لە لایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە رفێنراوون و تا ئێستا ھیچ ھەواڵێک لە بارەیانەوە نازانرێت.
داوود شەمۆ یەکێک لەو خاوەنکار و سەرمایەدارانەیە کە لە ناو ئێزدییەکان و دەوڵەمەند و پیاوانی خاوەنکاری بەغداش ناسراو بووە و جگە لە بەڕێوەبردنی"ھوتێل بەغداد" خاوەنی چەندین ھوتێل و وەرھێنانە لە بەغدا و ناوچەکانی دیکە.
ھەر چەندە ئێزدییەکان لە پەیوەندیدان بۆ رزگارکردنی ئەو سەرمایەدارە و پەیوەندییان بە ھەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سوپا و حەشدی شەعبی و دەزگا ئەمنییەکانی دیکەوە کردووە، بەڵام تا ئێستا چارەنووسی ناوبراو روون نەکراوەتەوە و لە لایەن ئەو گرووپە چەکدارەوە ئازاد نەکراوە.
داوود شەمۆ لە کاتی کارەساتی شنگال و داگیرکردنی ئەو دەڤەرانە لە لایەن چەکدارانی داعشەوە، لەگەڵ چەندین سەرمایەداری دیکە پێکەووە ھاوکاری زۆری ئاوارە ئێزدییەکانی کردووە.
ئەمە جاری یەکەم نییە کە لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق دەوڵەمەند و پیاوانی خاوەنکار دەڕفێنرێن، تەنانەت پێش چەند رۆژێک دوای ئەوەی چەند چەکدارێکی نەناسراو بۆ ماوەی 12 رۆژ دوو برای پێشمەرگە کە خەڵکی شارۆچکەی کفری بوون رفاندبوو، بە "60" ھەزار دۆلار ئەو دوو پێشمەرگەیان ئازادکرد.
