سەرۆكی هەرێم لەگەڵ جێنشین و وەزیری دەرەوەی ئیمارات كۆدهبێتهوه
K24 - ئيمارات:
لەدرێژەی سەردانەكەی بۆ وڵاتی ئیمارات ڕۆژی یەكشەممە 27ـی 11ـی 2016 لە شاری ئەبوزەبی بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە لایەن شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان جێنشینی ئیمارات و جێگری فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكانی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی پێشوازی كرا.
لە دیدارێكی دۆستانەدا جێنشینی ئیمارات بە گەرمی بەخێرهاتنی سەرۆك بارزانیی كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی بە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی سوپای عێراق لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان و پیرۆزبایی ئەو سەركەوتنانەی لە سەرۆك بارزانی كرد.
هەر لەم دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی تیرۆریستانی داعش و سەرۆك بارزانی باسی لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و هەنگاوەكانی پلانە سەربازییەكان و بارودۆخی مرۆیی و ئاوارەكان باس كرد و هەروەها سوپاسی مانگی سووری ئیماراتیشی كرد كە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا یارمەتیی پێشكەشی ئاوارەكان و لێقەومانی شەڕی تیرۆریستان لە عێراقدا كردووە. هەروەها جێنشینی ئیمارات سوپاسی تایبەتی ئاراستەی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان كرد كە میوانداریی سەدانهەزار ئاوارە و پەنابەریان كردووە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دوا گۆڕانكارییە سیاسییەكان تاوتوێ كرا.
ئێوارەی هەمان ڕۆژ و لە شاری ئەبوزەبی بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شێخ عەبدوڵڵا بن زاید ئال نهیان وەزیری دەرەوەی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی كۆبۆوە.
لە كۆبوونەوەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و دوا پێشهاتە سیاسییەكان ئاڵوگۆڕ كرا. هەروەها تیشك خرایە سەر هاوكێشە سیاسییە نێودەوڵەتییە تازەكان.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.