ئەمڕۆ پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان گفتوگۆ دەست پێدەكات
لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی كۆدەبێتەوە
K24 - ھەولێر
دوای ئەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پەیامێکی بۆ لایەنەکان بڵاوکردەوە و داوای کۆبوونەوەی فراوانی پارتەکانی کرد، پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمڕۆوە دانووستان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دەستپێدەکات و ئەمڕۆ وەک یەکەم دانیشتن لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی کۆدەبێتەوە.
ئاراس ئەحمەد پەیامنێری كوردستان24 لەبەردەم مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی رایگەیاند: "چاوەڕێ دەكرێت پاش كەمێكی دیكە شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرپەرشتی فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بگاتە مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی".
پێشتریش پارتی رایگەیاندبوو، بۆ ھەموو لایەنەکان پڕۆژەیان ھەیە دەیخەنە سەر مێزی گفتووگۆکان، لە پێناو چارەسەرکردنی دۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان.
لە 20/11/2016، مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە پەیامێكیدا بۆ لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان، داوای كرد لایەنە سیاسییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەناوخۆییەكانی گفتوگۆ بكەن، بارزانی داواشی كرد گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانكاری لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی و حكوومەت و دیاركردنی كەسێك بۆ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بكەن.