مه‌كگورك: سه‌ركه‌وتنی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ به‌رهه‌می بۆچوونه‌كانی بارزانییه‌

K24 – هه‌ولێر

نێرده‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ  شه‌ڕی دژی داعش سه‌ركه‌وتنی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ به‌ بەرهەمی پێشنیار و بۆچوونەکانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی ده‌زانێت كه‌ به‌هۆی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌.

برێت مه‌كگورگ به‌ یاوه‌ری دۆگڵاس سیلیمان باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و کێن گرۆس كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك راوێژكار سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی كرد و باسیان له‌ داویین بەرەوپێشچوونەکانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی تیرۆریستان لە پارێزگای نەینەوا كرد.

هه‌روه‌ها پێداگریان له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگی و راوێژی به‌رده‌وامی نێوانیان كرد‌ و مه‌كگورك رۆلی سه‌رۆك بارزانی له‌ سه‌ركرداتیكردنی شه‌ڕی تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش گرنگ نرخاند و پیرۆزبایی سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی هێزه‌كانی پێشمەرگەشی کرد.