ئیدارەی نوێی ئەمەریکا پاڵپشتی واشنتن بۆ گەلی کوردستان و پێشمەرگە دووپات دەكاتەوە

جێگری سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمەریکا پەیوەندی بە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەكات

K24 - ھەولێر

ئێوارەی رۆژی ھەینی 2/12/2016، مایک پێنس جێگری سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمەریکا لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە مەسعوود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کرد.

لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جێگری سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمەریکا وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە پێشتر سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووە، پێزانینی بۆ خەباتی گەلی کوردستان و قوربانیدانی ھێزی پێشمەرگە ھەبوو و ستاییشی رۆڵی پێشمەرگەی کرد لە تێکشکاندنی تیرۆریستان و جەختی لەوە کردەوە کە سەرۆکی ھەڵبژێردراو و خۆی و وڵاتەکەی و ئیدارەی تازەی ئەمەریکا پاڵپشتی گەلی کوردستان و پێشمەرگەن و لە پشتیوانیکردنیان بەردەوام دەبن.

لەبەرانبەردا سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرۆک و جێگری سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمەریکا کرد بە بۆنەی سەرکەوتنیان لە ھەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا و سوپاسی ھەڵوێستی سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمەریکای کرد کە لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردندا پاڵپشتیی خۆیان بۆ گەلی کوردستان ڕاگەیاندووە. سەرۆک بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو کە گەلی کوردستان تووشی زوڵم و نەھامەتیی زۆر ھاتووە و ھیوایشی خواست کە ئەمەریکا و ئیدارە تازەکەی پشتیوانی داوا رەواکانی گەلی کوردستان بن.

ھەر لەم پەیوەندییەدا ھەردوولا جەختیان لە فراوانترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کردەوە.