فراكسیۆنە كوردییەكان كێشە ناوخۆییەكان دەبەنە بەغدا
نوێنەرانی كورد لە بەغدا زیاتر لەیەکتر دووردەكەونەوە
K24 – ھەولێر
پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، فراكسیۆنە كوردییەكان كێشەكانیان گواستوەتەوە بەغدا و بەشێك لەو پڕۆژانەی پێشكەشی دەكەن تەنھا بۆ پڕوپاگەندەی حزبییە.
خەسرۆ گۆران ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24 راگەیاند، لایەنەکانی ھەرێمی کوردستان کێشەکانیان گەیاندووەتە بەغدا، بەمەش فراکسیۆنە کوردییەکان زیاتر لەیەکتر دوورکەوتوونەتەوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی، بەشێک لەو پرۆژانەی پێشکەش دەکرێت تەنیا بۆ پروپاگەندەی ھەڵبژاردن و مەرامی تەسکی حزبیە.
گوتانەكانی ئەو پەرلەمانتارە كوردە لە كاتیكدایە، چەند رۆژێكە پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی2017 عێراق كۆدەبێتەوە و فراكسیۆنە كوردییەكان لەسەر پشكی كورد لە بودجەی عێراق ناكۆكن كە سێ ساڵە لەلایەن حكوومەتی عێراق بڕدراوە، بەپێی گوتەی ھەندێك پەرلەمانتاران ئێستا بۆ گەڕانەوەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان ھیچ ھەماھەنگییەك لە نێوان فراكسیۆنە كوردییەكان نەماوە.