رێگە نادرێت پەرلەمانتارانی ھەدەپە لە گرتوخانە سەردانی یۆکسەکداغ بكەن

پەرلەمانتارانی ھەدەپە سەردانی دەمیرتاش و دەستگیركراوانی دیكەیان كردووە

K24 - ھەولێر

لەلایەن حكوومەتی توركیا رێگە نەدرا پەرلەمانتارانی ھەدەپە سەردانی فیگەن یۆکسەکداغ ھاوسەرۆکی ھەدەپە بکەن لە گرتوخانەی کاندرا، ئەمەش دوای ئەوەی دوێنی سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی حزبەکەیان لە گرتوخانەی ئەدیرنە کردبوو.

پەروین بوڵدان جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) لە پەرلەمانی تورکیا و میتحەت سانجار پەرلەمانتاری ئەو حزبە، لە چوارچێوەی دەستووردا کە لەلایەن دادگای باڵاوە رێگەیان پێدراوە، دوێنێ سەردانی ھەریەک لە سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی ھەدەپە و عەبدوڵڵا زەیدان پەرلەمانتاری ھەمان حزب لە شاری جولەمێرگ لە گرتووخانەی ئەدیرنەیان کرد و، دواتریش لە شاری ئیستەنبوڵ سەردانی ھەریەک لە سەلما ئیرماک، نۆرسەل ئایدۆگان، نیھاد ئاکدۆگان و لەیلا بیرلیکیان لە گرتوخانەی سلیڤریان کرد و، دیداریان لەگەڵ ئەنجامدا.

ھەرچەندە رێگە نەدراوە سەردانی فیگەن یۆکسەکداغ بکەن، بەڵام لەھەمان گرتووخانە سەردانی ئدریس بالۆکەن جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ھەدەپە کراوە.