ھاووڵاتیان چاوەڕێی ئەنجامی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان دەكەن
كۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ لایەنەكان بەردەوامی دەبێت
K24 – ھەولێر
ئەمجارە لایەنەکان کەمترین زانیاری ناو کۆبوونەوەکانیان دایە راگەیاندنەکان، بەشێک لە ھاووڵاتیان بە باشی دەزانن، زانیاریەکان بە زووترین کات بڵاوبکرێنەوە، ھەندیکیشیان پێیان وایە، کۆبوونەوەکان گرنگی جارانیان نەماوە، ھەندێک لایەنی سیاسیش بە باشی نازانن، ھەموو زانیاری و نھێنیەکی ناو کۆبوونەوەکان بڵاو بکرێتەوە.
ھاووڵاتیەكی شاری ھەولێر كە بۆ كوردستان24 دەدوێت دەڵێ: "گەشبین بوون دوای كۆبوونەوەكان موژدەیەكی خۆشمان پێبدرێت، ھیوادارین دوای كۆبوونەوەی ھەموو لایەنەكان پێكەوە موژدەیەكی خۆش بە خەڵك بدەن و دڵمان خۆش بكەن، لەم بارودۆخەدا خەڵك پێویستی بەوە ھەواڵی خۆش ببیستێ".
جیاواز لە کۆبوونەوەکانی پێشوو، ئەمجارە لایەنەکان بە تایبەت شاندی پارتی، بڕیاریاندا ھیچ زانیارییەک بۆ میدیا نەدرکێنن، زۆرێک لە حزبەکانیش بە تایبەت ئەوانەی لەگەڵ پارتی کۆبوونەتەوە، بڕیارەکە بە باش دەزانن، چونکە بە پێویستی نازانن پێش گەیشتن بە ئەنجامێکی ئومێد بەخش، زانیاریی و وردەکاریی کۆبوونەوەکانیان بڵاوبکرێتەوە.
ھاووڵاتیەكی دیكە لە بازاڕی ھەولێر بە كوردستان24 گوت: "گرنگ نییە حزبەكان كۆدەبنەوە یان نا، گرنگ ئەوەیە ژیانی خەڵك خۆش بكەن، لەم قەیرانە داراییە خەڵك پێویستی بە پارەیە".
دوای پەیامی مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆی لایەنە سیاسییەكان بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەناوخۆییەكانی باشووری كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك دەستپێشخەری گەڕێكی دیكەی كۆبوونەوە و گفتوگۆی لەگەڵ لایەنەكان دەستپێكردووە و بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا لە سلێمانی لەگەڵ شاندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كۆببنەوە.